مۆراتا له ماوه‌ی 72 كاتژمێری داهاتوو درێسی مانچێسته‌ر یونایتد ده‌پۆشێت
به 60 ملیۆن پاوه‌ند رووده‌كاته ئۆڵد ترافۆرد
سه‌رچاوه‌یه‌كی راگه‌یاندنی بریتانیا ئاشكرای كردووه كه ریال مه‌درید و مانچێسته‌ر یونایتد له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ی مۆرتا رێككه‌وتوون.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، 7 ته‌مووزی 2017، پێگه‌ی Sunـی بریتانیا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه كه له ماوه‌ی 72 كاتژمێری داهاتوو ئه‌لڤارۆ مۆراتا له ریال مه‌دریده‌وه به بڕی 60 ملیۆن پاوه‌ند بۆ ریزه‌كانی مانچێسته‌ر یونایتد ده‌گوازرێته‌وه.
له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه، خوانما لۆپێز، به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌كانی ئه‌لڤارۆ مۆراتا به رۆژنامه‌ی Mundo Deportivoـی ئیسپانیای راگه‌یاندووه كه له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌رزشی ریال مه‌درید كۆبۆته‌وه و بڕیاریان له رۆیشتنی مۆرتا بۆ ریزه‌كانی مانچێسته‌ر یونایتد داوه.
به گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه، مۆراتا له پێناو ده‌رفه‌تی زیاتری یاریكردن بڕیاری رۆیشتنی له ریال مه‌درید داوه و خۆزێ مۆرینهۆی راهێنه‌ری مانچێسته‌ر یونایتدیش به‌ڵێنی پێداوه باشترین ده‌رفه‌تی یاریكردنی بۆ بره‌خسێنێت.
مۆراتای 24 ساڵ، له 2005 له ئه‌كادیمیای ئاتڵێتیكۆ مه‌درید ده‌ستی به یاریكردن كرد، دوای دوو ساڵ بۆ تیپی تازه‌پێگه‌یشتووانی گیتافی گواسترایه‌وه، پاشان له هاوینی 2008 روویكرده ریال مه‌درید، بۆ ماوه‌ی 2 وه‌رز له سێریا ئه‌ی له ریزه‌كانی یوڤێنتۆس یاری كرد، پاشان گه‌ڕایه‌وه ریال مه‌درید، ئه‌مه‌ش ده‌بێته دووه‌مینجار كه ریزه‌كانی یانه مه‌دریدییه‌كه جێده‌هێڵێت.