مه‌لای مزگه‌وته‌كه‌ی نووری له مووسڵ هێشتا داوای "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی" ده‌كات
مه‌لای مزگه‌وتی نووری باسی هاتنی به‌غدادی ده‌كات بۆ مزگه‌وته‌كه
K24 - هه‌ولێر:
حه‌موود عومه‌ر خه‌لیل، مه‌لای مزگه‌وتی نووری له شاری مووسڵ، ئه‌و مزگه‌وته‌ی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی، له حوزه‌یرانی 2014، خه‌لافه‌تی داعشى تێدا راگه‌یاند، هێشتا له ژیاندا ماوه و ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی عێراق وه‌كو پێشوو سته‌م له خه‌ڵك بكات، ئه‌وان ناچار ده‌بن بیر له جێگره‌وه‌ی دیكه بكه‌نه‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (داعش)يش بێت".
ئه‌و مه‌لایه باسی چۆنیه‌تی هاتنی به‌غدادی ده‌كات بۆ مزگه‌وته‌كه و ده‌ڵێت: "یه‌كه‌مجار بینیم ژماره‌یه‌ك چه‌كدار هاتن و شوێنه‌كه‌یان خاوێن كرده‌وه، ئایه‌ته‌كانی قورئان و كاتژمێره‌كانیان له دیواره‌كان كرده‌وه".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ئه‌وكات زانیم كه‌سێك دێته ئێره، ئه‌وه بوو دواتر به‌غدادی هات و خه‌لافه‌ته‌كه‌ی تێدا راگه‌یاند".
مه‌لاكه‌ی مزگه‌وتی نووری، ئه‌وه ناشارێته‌وه سه‌ره‌تا پێیان وابووه راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی، ده‌بێته سه‌ره‌تایه‌ك بۆ خۆشگوزه‌رانی بۆ هاووڵاتییانی شاره‌كه, به‌ڵام چه‌كدارانی داعش، مامه‌ڵه‌یه‌كی باشییان له‌گه‌ڵ هاووڵاتییان نه‌كرد.
وه‌ك ئه‌و راپۆرته‌ی (ته‌ره‌ته وۆڕڵد) بڵاویكردووه‌ته‌وه، ئه‌و مه‌لا ئایینییه ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، هه‌ندێك بنه‌مای شه‌ریعه‌تی ئیسلامی هه‌یه ئه‌وان هیچ كێشه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵیدا نییه، وه‌كو سزادانی تاوانباران، بڕینی ده‌ستی دز.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ئه‌وان (داعش) سووكایه‌تییان به خوێن و گیانی هاووڵاتییان ده‌كرد، ئه‌وه‌ش تاكه خاڵ بووه كه تێبینیمان له‌سه‌ری هه‌بوو".
ئه‌و قسانه‌ی مه‌لای مزگه‌وتی نووری له‌كاتێكدایه، كه چه‌ند رۆژێكه ناوچه‌كه‌یان له‌ژێر ده‌ستی داعش رزگاركراوه، كه مزگه‌وتی نووری و مناره‌ی حه‌دباش ده‌كه‌وێته هه‌مان شوێن و شه‌وێك پێش كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی، له‌لایه‌ن داعشه‌وه ته‌قیندرایه‌وه.
هاوكات نیگه‌رانی خۆیشی بۆ ته‌قاندنه‌وه‌ی مناره‌ی حه‌دبا و مزگه‌وتی نووری ده‌رده‌بڕێت و ده‌ڵێت: "تاكه هێمای شارستانییه‌تی شاره‌كه بوو و ماڵئاواییمان لێ‌كرد".
مه‌لاكه، وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ش ده‌داته‌وه كه بۆچی له كاتی هاتنی داعش به‌شێك له خه‌ڵكی مووسڵ، پێشوازی له چه‌كداران كرد و به ئاسانی شاره‌كه كه‌وته ده‌ستی داعش و گوتی: "به‌هۆی ئه‌و سته‌مه‌ی له‌لایه‌ن سوپای عێراقه‌وه له خه‌ڵكه‌كه ده‌كرا، بۆیه پشتگیری هاتنی داعشمان كرد".
هاوكات هۆشداریش ده‌داته حكوومه‌تی عێراق و ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر دیسان رووبه‌ڕووی هه‌مان ته‌نگوچه‌ڵه‌مه و سته‌مه‌ی پێشوو ببینه‌وه، بیر له جێگره‌وه‌ی دیكه ده‌كه‌ینه‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر داعش یان شتی دیكه‌ش بێت".
له 10ی حوزه‌یرانی 2014، چه‌كدارانی داعش مووسڵییان داگیركرد و دواتر ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی، له مزگه‌وتی نووری-یه‌وه خه‌لافه‌تی داعشی تێدا راگه‌یاند، دوای سێ ساڵ مانه‌وه‌ی چه‌كدارانی داعش له شاره‌كه، سوپای عێراق توانی كۆنتڕۆڵی بكاته‌وه.
ئۆپه‌راسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ، له 17ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2016، به یه‌كه‌م هێرشی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌ستیپێكرد و هێزی پێشمه‌رگه له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا، توانی یه‌كه‌م هێڵی به‌رگری داعش له ده‌شتی نه‌ینه‌وا تێكبشكێنێت و رێگه‌ی پێشڕه‌ویكردن بۆ هێزه عێراقییه‌كان بكاته‌وه، هاوكات پاڵپشتی سوپای عێراقیش بكات، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت له به‌شی رۆژهه‌ڵاته‌وه بچێته ناو مووسڵ بكات.