لەبارەی شەپۆلی گەرما ھۆشداری دەدرێت
رێنمایی ھاووڵاتیان دەكرێت خۆیان بپارێزن
K24 - ھەولێر
لە راگەیەندراوێكدا وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی كوردستان، ھۆشداری دەدات لە بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و خۆپاراستن لێی و چەند رێنماییەك دەخاتەڕوو.
وەزارەتی تەندروستی راگەیاندووە: "بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و شەپۆلە یەک لەدوای یەکەکانی گەرما، جگە لە هەراسانکردن و نائارامی، مەترسییەکی زاندراوی تەندروستی گشتییە و کاریگەری تەندروستی جۆراو جۆری هەیە لە بوورانەوە، پەڵەی پێست و ژانی ماسولکە، لەگەڵ شەکەتبوون و خۆربردن".
لە راگەیەندراوەكەدا ھاتووە: "سەرەتای کاریگەری گەرما، بە ئارەقکردنێکی زۆر، ناڕەحەت بوون، بێهێزی، گێژبوون، سەرئێشە، ژانی ماسولکەکان دەستپێدەکات، دواتر دەبێت بە هێڵنج و رشانەوە و بوورانەوە ( شەکەت بوون بە گەرما )، دواتر ئەگەر چارە نەکراو بەردەوامبوو دەچێتە قۆناغی لەناکاوی پزیشکی ، کە مەترسیدار و کوشندەیە ( ئەگەر زوو چارە نەکرێت ) پێی دەگوترێت ( خۆر لێدان )، لەم قۆناغەدا کەسەکە چیتر ئارەقە ناکات، لاشەی ووشک و گەرم و سوور دەبێتەوە، ئاگا لەخۆبوونی نزم دەبێت و دەچێتە قۆناغی بێ هۆشی و هەناسەسواری".
وەزارەتی تەندروستی ئەوەشی خستووەتەڕوو: "زۆر گرنگە لەگەڵ گەرما بوون، ئەو نیشانانە زوو بناسینەوە و چارەی بکەین لە شوێنی خۆمان یان سەردانی فریاکەوتنەکان بکەین لە کاتی پێویست. هەمووان مەترسی تووشبوون بە زیانەکانی گەرمایان هەیە بەڵام منداڵ و بەساڵاچووان و ئەوانەی نەخۆشیە درێژخایەنەکانیان هەیە، مەترسیان زیاترە، چاودێریکردنی زیاتریان پێویستە لە کاتە گەرمەکاندا".
لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا وەزارەتی تەندروستی چەند رێنمایییەك بۆ خۆپاراستن لە گەرما دەخاتەڕوو.
بۆ خۆپاراستن رەچاوی ئەم رێنماییانە بکە :-
-کاتژمێر یەکی نیوەڕۆ تا چواری عەسر، خۆت بەدوور بگرە لە چوونە بەر -----خۆر بۆ هەر مەبەستێک بێت.
-ئاو و شلەمەنی زیاتر بخۆوە
-رۆژانە جارێک خۆت بشۆ
-خواردنی میوە زیاد بکە و دوور کەوە لە خواردنە تیژەکان
جلوبەرگی رەنگ کاڵ و تەنک و فراوان لەبەر بکە
هەوڵدە لەشوێنە سێبەر و فێنکەکان بمێنیتەوە
کاتێک کەسێک تووشی شەکەتبوون یان خورلێدان دەبێت گرنگە دەستبەجێ هاوکاری بکەیت بە :-
-بیگوازەوە شوێنێکی سێبەر و فێنک
-هەوڵی ساردکردنەوەی بدە بەڕێگەی تەڕکردنی یان داپۆشینی بە پەڕۆیەکی تەڕ
-بڕێک ئاوی ساردی پێبدە
-ئەگەر، زۆر گەرم ببوو و نزیک بێ هۆشبوون بوو، دەکرێت پارچەی بچوکی بەفر لەژێر باڵی دابنێیت، لەشوێنێکی سێبەر و فێنک چاودێری بکە تاوەکو دەیگەیێنیت بە نزیکترین نەخۆشانەی فریاکەوتن یان پەیوەندی بکە بە هێڵی فریاکەوتنی خێرا 122