لەبارەی شەپۆلی گەرما ھۆشداری دەدرێت

رێنمایی ھاووڵاتیان دەكرێت خۆیان بپارێزن

K24 - ھەولێر

لە راگەیەندراوێكدا وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی كوردستان، ھۆشداری دەدات لە بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و خۆپاراستن لێی و چەند رێنماییەك دەخاتەڕوو.

وەزارەتی تەندروستی راگەیاندووە: "بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و شەپۆلە یەک لەدوای یەکەکانی گەرما، جگە لە هەراسانکردن و نائارامی، مەترسییەکی زاندراوی تەندروستی گشتییە و کاریگەری تەندروستی جۆراو جۆری هەیە لە بوورانەوە، پەڵەی پێست و ژانی ماسولکە، لەگەڵ شەکەتبوون  و  خۆربردن".

لە راگەیەندراوەكەدا ھاتووە: "سەرەتای کاریگەری گەرما، بە ئارەقکردنێکی زۆر، ناڕەحەت بوون، بێهێزی، گێژبوون، سەرئێشە، ژانی ماسولکەکان دەستپێدەکات، دواتر  دەبێت بە هێڵنج و رشانەوە و بوورانەوە  ( شەکەت بوون بە گەرما )، دواتر ئەگەر چارە نەکراو بەردەوامبوو دەچێتە قۆناغی لەناکاوی پزیشکی ، کە مەترسیدار و کوشندەیە ( ئەگەر زوو چارە نەکرێت )  پێی دەگوترێت  ( خۆر لێدان )،  لەم قۆناغەدا کەسەکە چیتر ئارەقە ناکات، لاشەی ووشک و گەرم و سوور دەبێتەوە، ئاگا لەخۆبوونی نزم دەبێت و دەچێتە قۆناغی بێ هۆشی و  هەناسەسواری".

وەزارەتی تەندروستی ئەوەشی خستووەتەڕوو: "زۆر گرنگە لەگەڵ گەرما بوون، ئەو نیشانانە زوو بناسینەوە و چارەی بکەین لە شوێنی خۆمان یان سەردانی فریاکەوتنەکان بکەین لە کاتی پێویست. هەمووان  مەترسی تووشبوون بە زیانەکانی گەرمایان هەیە بەڵام  منداڵ و بەساڵاچووان و ئەوانەی نەخۆشیە درێژخایەنەکانیان هەیە، مەترسیان زیاترە، چاودێریکردنی زیاتریان پێویستە لە کاتە گەرمەکاندا".

لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا وەزارەتی تەندروستی چەند رێنمایییەك بۆ خۆپاراستن لە گەرما دەخاتەڕوو.

بۆ خۆپاراستن رەچاوی ئەم رێنماییانە بکە :-

-کاتژمێر یەکی نیوەڕۆ  تا  چواری عەسر، خۆت بەدوور بگرە لە چوونە بەر -----خۆر بۆ هەر مەبەستێک بێت.

-ئاو و شلەمەنی زیاتر بخۆوە

-رۆژانە جارێک خۆت بشۆ

-خواردنی میوە زیاد بکە و دوور کەوە لە خواردنە تیژەکان

جلوبەرگی رەنگ کاڵ و تەنک و فراوان لەبەر بکە

هەوڵدە  لەشوێنە سێبەر و فێنکەکان بمێنیتەوە

کاتێک کەسێک تووشی شەکەتبوون یان خورلێدان دەبێت گرنگە دەستبەجێ هاوکاری بکەیت بە :-

-بیگوازەوە شوێنێکی سێبەر و فێنک

-هەوڵی ساردکردنەوەی بدە  بەڕێگەی  تەڕکردنی یان داپۆشینی بە پەڕۆیەکی تەڕ

-بڕێک ئاوی ساردی پێبدە

-ئەگەر، زۆر گەرم ببوو و نزیک بێ هۆشبوون بوو، دەکرێت پارچەی بچوکی بەفر  لەژێر باڵی دابنێیت، لەشوێنێکی سێبەر و فێنک چاودێری بکە  تاوەکو دەیگەیێنیت بە نزیکترین نەخۆشانەی فریاکەوتن  یان پەیوەندی بکە بە هێڵی فریاکەوتنی خێرا 122