داھاتی گەشتوگوزار لە رۆژانی جەژن 73 ملیۆن دۆلار بووە
243 ھەزار گەشتیار ھاتوونەتە ھەرێمی كوردستان
K24 - ھەولێر
دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، رێژەی ھاتنی گەشتیاران و داھاتی گەشتوگوزار ئاشكرا دەكات، كە لە رۆژانی جەژن 243 ھەزار گەشتیار سەردانی كوردستانیان كردووە و داھاتەكشی 73 ملیۆن دۆلار بووە.
نادر روستی وتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان بە كوردستان24 رایگەیاند: "لە 23 حوزەیران تاكو 1 تەمموز 243 هەزار گەشتیار لە دەروازە و بازگەكانی هەرێمی كوردستان بۆ جەژنی رەمەزان هاتوونەتە هەرێمی كوردستان".
ئاشكرای كرد: "لەم ماوەدا 73 ملیۆن دۆلار داهاتی گەشتیاری بووە بۆ كەرتی تایبەت، لە 70% گەشتیارانیش لە خوارو ناوەڕاستی عێراق هاتوون".
وتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، هۆكاری زیادبوونی ژمارەی گەشتیارانی گەڕاندەوە، بۆ پلانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و دەستەی گشتی گەشتوگوزارو پاڵپشتی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هاوكاری دامودەزگاكان بە گشتی و كارئاسانی دەزگا ئەمنییەكان بە تایبەت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، هۆكارێكی دیكەی زیابوونی ژمارەی گەشتیارانی بۆ زیادكردنی خزمەتگوزاری بۆ گەشتیاران و نۆژەنكردنەوەی ژمارەیەك شوێنی گەشتیاری و دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆ ژمارەیەك شوێنی نوێی گەشتیاری گەڕاندەوە.
نادر روستی ئەوەشی خستەڕوو: "ساڵی رابردوو لە هەمان كات 122 هەزار گەشتیار سەردانی كوردستانیان كردبوو، واتە نزیكەی 100% زیادیكردووە".