سه‌رۆكی هاكپار: كوردستان 24 پڕبینه‌رترین ته‌له‌ڤزیۆنی باكووری كوردستانه‌

شاندێكی هاكپار سه‌ردانی كوردستان 24 ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:

شاندێكی پارتی ماف و ئازادی باكووری كوردستان (هاكپار)، به‌ سه‌رۆكایه‌تی ره‌فیق كاراكۆچ، سه‌رۆكی پارته‌كه‌ و نوێنه‌ری ئه‌وروپا و باكووری كوردستان و هه‌رێمی كوردستانی پارته‌كه‌، سه‌ردانی دامه‌زراوه‌ی كوردستان24، بۆ راگه‌یاندن و توێژینه‌وه‌یان كرد له‌ شاری هه‌ولێر.

شانده‌كه‌ له‌لایه‌ن نووره‌دین وه‌یسی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و به‌رپرسانی دیكه‌ی دامه‌زراوه‌كه‌، پێشوازییان لێكرا.

سه‌رۆكی هاكپار، ده‌ستخۆشی و ستاییشی كوردستان 24ی كرد، به‌تایبه‌تیش كه‌ رۆڵێكی گرنگی له‌ باكووری كوردستان و توركیادا هه‌یه‌ و گوتی: "كوردستان 24 یه‌كێكه‌ له‌ كاریگه‌رترین و پڕبینه‌رترین ته‌له‌ڤزیۆنه‌كانی باكووری كوردستان و توركیا‌، زۆرجار بووه‌ته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی وه‌رگرتنی زانیاری، بۆ ته‌له‌ڤزیۆنه‌كانی توركیا و جیهان".

شاندی هاكپار، به‌ مه‌به‌ستی ده‌ربڕینی پاڵپشتی بۆ ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانن و له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌ هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش كۆبوونه‌ته‌وه‌.