ئاواره‌كان له نێوان دۆزه‌خی داعش و دڵنیانه‌بوون له ئاینده‌دا ده‌سوتێن
ئه‌و ئاوارانه‌ی له دوایین مۆڵگه‌كانی داعش ده‌رباز بوون چاره‌نووسیان روون نییه و بێ نان و ئاو له‌به‌ر تیشكی سوتێنه‌ری خۆر ماونه‌ته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
وێنه‌ی رزگاربووه‌كانی دوایین ناوچه و كۆڵانه‌كانی شاری مووسڵ ئاماژه‌ی ئه‌وه‌یان تێدایه، كه له مردنێك رزگاریان بووه‌و هێشتا نازانن ژیانێك چاوه‌روانیانه یان نا.
ئه‌وان له ئامیزی داعشه‌وه كه زیاتر له 3 ساڵه به ئاگر و ئاسن حوكمیان ده‌كات ده‌رچوون بۆ ناو ئاگر و گه‌رمای سرووشت و ناتوانن نان و ئاو و شوێنی حه‌سانه‌وه‌ی گونجاویان ده‌ستكه‌وێت و ئه‌و هیوایه‌شیان نییه له كاتێكی زوودا برینه‌كانیان ساڕیژبكرێت.
له‌وباره‌یه‌وه "لیز گراندی" رێكخه‌ری مرۆیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له عێراق، ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه رایگه‌یاند" نزیكه‌ی 20 هه‌زار كه‌س هێشتا له‌و ناوچه گه‌مارۆدراوه‌كانی رۆژئاوای شاری مووسڵدا ماون كه چه‌كدارانی داعشی تێدان و هێزه ئه‌منیی و سه‌ربازییه‌كانی عێراق ده‌ستیان پێڕانه‌گه‌یشتووه".
ئه‌و به‌رپرسه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان به ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووه " پێمانوایه له دوایین مۆڵگه‌كانی داعشدا له شاره كۆنه‌كه‌ی مووسڵ زیاتر له 15 تا 20 هه‌زار هاووڵاتی سڤیل مابنه‌وه".