به وێنه و ڤيديۆ.. ئاسایشی هەولێر منداڵێکی رفێندراو رزگار دەکات و رفێنەرەکەشی دەستگیردەکات
هەڕەشەی خنکاندنی منداڵە رفێنراوەکەی کردووە، ئەگەر بڕی سی ههزار دۆلاری پێ نەدەن.
K24 – ههولێر:
لە راگەیاندراوێکی بەڕێوەبەراتی ئاسایشی هەولێردا هاتووە، دوای دوو رۆژ لە رفاندنی منداڵێک، هێزەکانمان توانیان رفێنەرەکە دەستگیر بکەن و منداڵەکەش بۆ خێزانهكهى بگەڕێننەوە.
ئاسایشی هەولێر ئاماژە دەکات کە لە رێکەوتی 4 ئەم مانگە لە شاری هەولێر، تاوانبار ( قەیس منزر مەحمود ئەلمجمعی) پەلاماری هاووڵاتی ( شێرزاد ئەحمەد خدر) و شاگردەکەی بەناوی ( سولتان) دەدات و هەردووکیان بە سەختی بریندار دەکات، دواتر تاوانبار هەڵدەستێت بە رفاندنی منداڵێکی خاوەنکارەکەی بەناوی (سەرۆک شێرزاد ) بۆ پارێزگای دیالە.
تاوانبار (قەیس منزر)ی بە رەگەز عەرەب لەرێگەی تەلەفونەوە، هەڕەشەی خنکاندنی منداڵە رفێندراوەکەی کردووە، ئەگەر بڕی سی ههزار دۆلاری پێ نەدەن.
تیمەکانی لێکوڵینەوە و ئۆپەراسیۆنەکان لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، بەهاوکاری هێزە ئەمنییەکانی دیالە، توانیان شوێنی تاوانبار دەستنیشان بکەن و (سەرۆک شێرزاد)ی رفێندراویش ئازادبکرێت و رادەستی کەسوکارەکەی بکرێت.


