بنەماڵەی جۆرج واشنتن پاڵپشتی ریفراندۆمی كوردستان دەكەن

"پێویستە تەواوی مرۆڤایەتی پاڵپشتی كورد بكات كە بۆ ئازادی دەجەنگن"

K24 - واشنتن

لەو كاتەی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا 241 مین ساڵیادی سەربەخۆیی دەكاتەوە، ئەو سەربەخۆییەی کە ھەزاران قوربانییان بۆ داوە لە شەڕی دژی ئیمپڕاتۆرییەت و كۆڵۆنیالیزمی بەریتانی، كوردستان دوای زیاتر لە 90 ساڵ بەسەر میراتی كۆڵۆنیالیزم و دابەشكردنی لە لایەن بەریتانیا و فەرەنسا، لەو ھەنگاوە نزیك دەبێتەوە، لە یەكەمین دەركەوتنیش بۆ میدیای كوردی، نەوەی ھەشتەمی یەكەمین سەرۆكی ئەمریكا جۆرج واشنتن، داوا دەكات تەواوی مرۆڤایەتی پاڵپشتی كورد بكات كە بۆ مافەكانیان و بۆ ئازادی دەجەنگن.

مایك ئێڵستن واشنتن، سەرۆكی دامەزراوەی رۆڵەكانی شۆڕشی ئەمریكا بە كوردستان24 گوت: "لەو ناوچانەی جیھان كە رێز لە مافەكانی مرۆڤ ناگیرێت و رێگەیان نادرێت بەشێوازی خۆیان بژین، وەك لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەیە، ئەوا ئەركی تەواوی مرۆڤایەتییە ھاوكاری كورد و ئەوانە بكەن كە بۆ ئازادی دەجەنگن".

گوتیشی: "پێموایە پێویستە و گرنگە ھەمووان دان بنێن بە مافی بڕیاردانی گەلان لە چارەنووسی خۆیان و مافەكانیان، ئێوەی كورد مەترسن لە داكۆكی كردن لە مافەكانتان و ئەو سەربەخۆییەی داوای دەكەن".