ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆمی كوردستان: ریفراندۆم لە كاتی خۆی بەڕێوە دەچێت
"بۆ هەنگاونانی پڕاكتیكی لە ئامادەكاری لەسەرجەم بوارەكانی ریفراندۆم هەیكەلیەتی كاری ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم و كۆمیتە فەرعییەكان دیاری كرا"
K24 - ھەولێر
لە راگەیەندراوێكدا ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم ئاشكرای كرد، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بە سەرۆكایەتی مەسعوود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، بڕیاریان لەسەر چەند خاڵێكداوە وەك: "پابەندبوونی بەشداربووانی كۆبوونەوەكە بە بڕیار و راسپاردەكانی كۆبوونەوەی 7ـی حوزەیرانی 2017 سەبارەت بە دیاریكردنی رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 بۆ بەڕێوەچوونی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و چارەسەركردنی پڕۆسەی سیاسیی هەرێم و هەوڵدان بۆ باشتركردنی بژێوی ژیانی خەڵك".
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا ھاتووە: " بۆ هەنگاونانی پڕاكتیكی لە ئامادەكاری لەسەرجەم بوارەكانی ریفراندۆم هەیكەلیەتی كاری ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم و كۆمیتە فەرعییەكان دیاری كرا".
لە راگەیەندراوەكەی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم ئەوەشخراوەتەڕوو: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هەموو توانایەكەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەكان، پێداویستییەكانی بەڕێوەچوونی ریفراندۆم فەراهەم دەكات".
دەقی راگەیەندراوی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم
ڕۆژی شەممە 8ـی 7ـی 2017 لە پیرمام یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرپەرشتیی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بەشداریی نوێنەری پارتە سیاسی و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی ئەندام لەو ئەنجوومەنە بەڕێوە چوو.
دوای تاوتوێكردنی بارودۆخی سیاسی و دوا پێشهاتەكان و هەڵسەنگاندنی هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پڕۆسەی سیاسیی ناوخۆی هەرێم، بڕیار لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە درا:
یەكەم: پابەندبوونی بەشداربووانی كۆبوونەوەكە بە بڕیار و ڕاسپاردەكانی كۆبوونەوەی 7ـی حوزەیرانی 2017 سەبارەت بە دیاریكردنی ڕۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 بۆ بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و چارەسەركردنی پڕۆسەی سیاسیی هەرێم و هەوڵدان بۆ باشتركردنی بژێوی ژیانی خەڵك.
دووەم: بۆ هەنگاونانی پڕاكتیكی لە ئامادەكاری لەسەرجەم بوارەكانی ڕیفراندۆم هەیكەلیەتی كاری ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم و كۆمیتە فەرعییەكان دیاری كرا.
سێیەم: حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هەموو توانایەكەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەكان، پێداویستییەكانی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم فەراهەم دەكات.
ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم
8ـی 7ـی 2017