ئه‌ردۆغان: هه‌رگيز رێگه به دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تێك له باكوورى سووريا ناده‌ين
گوتى: ئێمه له هيچ هه‌ڕه‌شه‌يه‌كى دژ به توركيا خۆش نابين.
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكى توركيا ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان رايگه‌ياند، وڵاته‌كه‌ى هه‌رگيز رێگه به دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تێكى كوردى له باكوورى سووريا نادات.
له كۆنگره‌يه‌كى رۆژنامه‌وانيدا كه له په‌راوێزى كۆبوونه‌وه‌ى لوتكه‌يى جى 20 له هامبۆرگى ئه‌ڵمانيا ئه‌نجاميدا، ئه‌ردۆغان ره‌تيكرده‌وه، رێگه به درووستبوونى ده‌وڵه‌تێكى كوردى له باكوورى سووريا بده‌ن.
ئه‌ردۆغان گوتى: ئه‌گه‌ر پلان هه‌بێت بۆ دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى كوردى له باكوورى سووريا، ئه‌وا؛ ئێمه رێگه‌ى پێ ناده‌ين.
هه‌روه‌ها گوتى: ئێمه له هيچ هه‌ڕه‌شه‌يه‌كى دژ به توركيا خۆش نابين.
سه‌رۆكى توركيا باسى له قه‌يرانى نێوان قه‌ته‌ر و چوار وڵاتى كه‌نداو كرد و گوتى: هيچ لايه‌كى ئه‌و قه‌يرانه سوودمه‌ند نابێت و له نێوان ئه‌و برايانه‌دا براوه و دۆڕاو نييه.
سه‌باره‌ت به قه‌ته‌ر و تۆمه‌تى چوار وڵاته‌كه‌ى كه‌نداو ئه‌ردۆغان گوتى: ئه‌و تۆمه‌تانه دادپه‌روه‌رانه نيين و پێويسته چوار وڵاته‌كه (سعوديه، ميسر، ئيمارات و به‌حره‌ين) رێز له سه‌روه‌رى قه‌ته‌ر بگرن.
داواشى له سعوديه كرد، هه‌وڵ بۆ چاره‌سه‌ركردنى قه‌يرانه‌كه بدات و سه‌قامگيرى كه‌نداو به پارێزراوى بمێنێته‌وه.