ئەردۆغان: سەڵاحەدین دەمیرتاش بەھۆی پەیوەندیی بە تیرۆر لە زیندانە
ھەدەپە: دهمیرتاش تیرۆرست نییە و نوێنەری میلۆنان كەسە
K24 - ھەولێر
دوای كۆتایی ھاتنی لوتكەی جی 20، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، سەڵاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆكی ھەدەپە، بەهۆی كردەوە تیرۆریستییەكانی لە زیندانە و بووەتە ھۆی كوشتنی دەیان كەس، دۆسێی دادگایی كردنیشیان بەردەوامە و بڕیاری دادگا ھەرچی بێت رێزی لێدەگرن.
پارتی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە) گوتەكانی ئەردۆغان دەربارەی دەمیرتاش رەتدەكاتەوە و رایدەگەیەنێت، دەمیرتاش تیرۆریست نییە، بەڵكوو نوێنەری ئیرادەی ملیۆنان كەسە و لە دادگاش حساب بۆ ئەو قسانەی ئەردۆغان دەكەن.
لە راگەیاندراوێكدا ھەدەپە دەڵێت، دەمیرتاش پەرلەمانتارە، نوێنەری ئیرادەی ملیۆنان كەسە و كەسێكی شەرەفمەندە. ئاماژە بەوەش دەكات ھەرچەندە ئەردۆغان دەڵێت "توركیا دەوڵەتێكی دادپەروەرە"، بەڵام خودی خۆی فەرمان بە دادگاكان دەكات و ھەرەشە لە دادگای دەستووری دەكات.
ھەدەپە لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا، گوتەكانی ئەردۆغان سەركۆنە دەكات و جەختیش دەكاتەوە، مێژوو نیشانی دەدات ئاخۆ كامەیان تیرۆریستە، ئەوان لە سیاسەت و یاسای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی حساب بۆ ئەو گوتانەی سەرۆكی گشتی ئاكەپە دەكەن و لێی خۆش نابن.