بەڤیدیۆ.. تێنسزانان رەخنە لە چیمەنی یاریگەکانی وێمبڵدۆن دەگرن

K24- هەولێر

زۆربەی تێنسزانەکانی بەشداربووی وێمبڵدۆن بەهۆی خراپی چیمەنی یاریگەکانەوە دەنگی ناڕەزایەتییان لێ بەرز دەبێتەوە و رۆژ بەرۆژ ناڕەزایەتییەکانیش روو لە زیادبوونە.
ئاندی مارای، رۆجێر فێدرێر و نۆڤاک جۆکۆڤیچ لە دیارترین ئەو تێنسزانەن گلەییان لە چیمەنی یاریگەکانی وێمبڵدۆن هەیە.
مارای پاڵەوانی دوایین وەشانی پاڵەوانیەتییەکە گلەیی لە یاریگەی سەرەکی هەیە و پێیوایە لە هێڵی دواوەی هەردوولای یاریگەکە چیمەنەکە تەواو تێکچووە و دەبێتە هۆی کەوتن و خوار و خێچی ئاڕاستەی تۆپەکان.
جگە لە یاریگەی سەرەکی، دەیان تێنسزانی دیکە گلەییان لە یاریگەی ژمارە 18 هەیە و زۆربەی ئەو تێنسزانانەی لەو یاریگەیە یارییەکانیان ئەنجام دەدەن، دواتر دەنگی ناڕەزایەتییان لێ بەرز دەبێتەوە، لە کاتێکدا حەوت ساڵ لەمەوبەر یاریگەکە میوانداریی درێژخایەنترین یاریی لە مێژووی تێنس کرد.
کریستینا ملادینۆڤیچی خانمتێنسزانی فڕەنسیش دوای شکستی بەرامبەر ریسکی بە تووندی هێرشیکردە سەر کوالیتی چیمەنی یاریگەی ژمارە 18 و داوای لە ناوبژیوانی یارییەکە کرد وێنەیەکی چیمەنەکە بگرێت.
یاریگەی ژمارە17ش یەکێکی دیکەیە لەو یاریگەیانەی گلەیی لە چیمەنەکی دەکرێت، تەنانەت ماتیک ساندزی خانمەتێنسزانی بەریتانی بەهۆی خراپی چیمەنی یاریگەکە تووشی پێکان بوو و لە پاڵەوانیەتییەکە کشایەوە.
دەنگی ناڕەزایەتی تێنسزانان وای لە سەرپەرشتیارانی وێمبڵدۆن کرد دەنگیان لێوەبێت و رەتیانکردەوە ئەم وەرزە بە بەراورد بە وەرزەکانی رابردوو هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر ستانداردی چۆنییەتی دانانی چیمەنی یاریگەکان هاتبێت، لەوکاتەی زۆربەی تێنسزانەکان لەسەرووی هەموویانەوە جۆکۆڤیچ، پێیانوایە ئەمساڵ چیمەنی یاریگەکان لە ساڵانی رابردوو خراپترە.
بەشێک لە سەرپەرشتیارانی وێمبڵدۆن، پێیانوایە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لەم چەند رۆژەی دوایی لە لەندەن هۆکارێکە بۆ زوو تێکچوونی چیمەنی یاریگەکان و وەرزی رابردوو سەرپەرشتیارانی پاڵەونایەتییەکە بەدەست باران بارینەوە دەیانناڵاند، ئەم وەرزەش بەدەست تێکچوونی چیمەنی یاریگەکانەوە دەناڵێنن.

تاکو رۆژی 16ی ئەم مانگە یارییەکانی وێمبڵدۆن بەردەوام دەبن و چاوەڕێ دەکرێت هاوتەریبی بەرزبونەوەی کێرڤی ململانێی تێنسزانەکان، دەنگی ناڕەزایەتی تێنسزانەکانیش لە بەرامبەر خراپی چیمەنی یاریگەکان بەرزبێتەوە