"عەممار حەكیم ھەڕەشە لە كوردستان دەكات و تەنھا یەك نوێنەری كورد وەڵامی دەداتەوە"
موسەننا ئەمین: هەڕەشەی بە وڵاتانی ناوچەکە و جووڵاندنی شەقام لە هەرێمی کوردستان دەکرد
K24 - ھەولێر
موسەننا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لەبارەی کۆبوونەوەی دوێنێی چوار فراكسیۆنی كورد لە بەغدا، لەگەڵ عەممار حەکیم، سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەکان ئاشكرای دەكات، عەممار لە کۆبوونەوەكەدا، سەبارەت بە پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆی کوردستان، هەڕەشەی بە وڵاتانی ناوچەکە و جووڵاندنی شەقام لە هەرێمی کوردستان کرد.
موسەنا ئەمین بە كوردستان24 گوت: "قسەكانی عەممار حەكیم، ھەڕەشە و گوڕەشە بوون لە كوردستان و وەڵامی پێویستی نەدرایەوە، قسەكانی تووشی شۆكی كردم، دەیگوت "عێراق لە ھەرێمی كوردستان قبوڵ ناكات ریفراندۆم ئەنجام بدات و سەربەخۆیی رابگەیەنێت، دوایی گلەیی مەكەن ئێمە ناتوانین شەقام كۆنترۆڵ بكەین"، ئەوە ھەڕەشەیەكی ئاشكرایە مانای ئەوەیە شەقام دژی كوردستان ھاندەدەن".
موسەننا ئەمین گوتیشی: "من لە وەڵامدا بۆ عەممار حەكیم گوتم، بەداخەوە ئەوە كۆمەڵێك ھەڕەشە بوو گوێمان لە جەنابت بوو، ئەوە عێراقی نوێیە، ئەوە سەردەمێكی دیكەیە جیاواز لە سەردەمانی رابردوو، پێویستە ئێمە زمانێكی دیكە لە تۆ ببیستین، ئەو زمانەی كە بڵێ عێراق بۆ عێراقییەكانە و ھەر بەشە و ئیرادەی خۆی پیادە بكات، چارەنووسی خۆیی دیار بكات نەك ئەوانی دیكە، ئەوە بنەمایە لە دەستوور و دیموكراسی و ئاین و ئیسلام، ھەروەھا بنەمایەكە لە مافەكانی مرۆڤ، ھەموو گەلێك مافی خۆیەتی چارەنووسی خۆیی دیار بكات، پێم گوت، ئەگەر تۆ و ھاوشێوەی تۆ نەبێت كێ شەقام دەجووڵێنێ؟، بۆیە ئەم قسانە قبوڵكراو نین".
راشیگەیاند: "نوێنەرانی دیكەی كورد كە لە كۆبوونەوەكە كە بەشداربوون، وەڵامی عەممار حەكیمیان نەدایەوە، رەنگە لەبەر ئەوە بوو كە من قسەكانم كردووە".