داعش تۆڵه‌ی شكستی مووسڵ له منداڵانی ته‌له‌عفه‌ر ده‌كاته‌وه
7 منداڵیان له ته‌له‌عفه‌ر له سێداره داوه

K24 - هه‌ولێر:
فه‌رمانده‌یه‌كی حه‌شدی شه‌عبی، ئه‌مڕۆ دوو شه‌ممه 10/7/2017 ئاشكرای كردووه كه "چه‌كدارانی داعش تاوانێكی دڕندانه‌یان له شارۆچكه‌ی ته‌له‌عفه‌ری رۆژئاوای مووسڵ ئه‌نجامداوه‌و 7 منداڵیان له ناوه‌ندی قه‌زاكه‌دا له سێداره داوه‌و لاشه‌كانیان به هه‌ڵواسراوی هێشتوونهتهوهو به گووته‌ی خۆیان ئه‌و كاره‌یان وه‌ك "تۆڵه‌كردنه‌وه له كه‌سوكاره‌كانیان" ئه‌نجامداوه".
جه‌بار مه‌عموری، فه‌رمانده له هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی رایگه‌یاند "به‌هۆی شكسته‌كانیان له مووسڵ، چه‌كدارانی داعش دووچاری شۆك هاتوون، به‌و هۆیه‌وه به‌ربوونه‌ته گیانی خه‌ڵكی بێ تاوانی ته‌له‌عفه‌ر و له چه‌ند رۆژی رابردوودا، چه‌ندین تاوانی دڕندانه‌یان دژی خه‌ڵكی قه‌زاكه ئه‌نجامداوه‌و دوایین تاوانیان سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مرۆ بووه، كاتێك 7 منداڵیان له سێداره داوه‌و لاشه‌كانیان به ستوونی كاره‌باوه جێهیشتووه، ئه‌و تاوانه قیزهونهشیان وه‌ك تۆڵه‌كردنه‌وه له كه‌سوكاری منداڵه‌كان ناوبردووه كه ویستوویانه قه‌زاكه جێبهێڵن و بچنه ده‌ره‌وه‌ی دۆزه‌خه‌كه‌ی داعشه‌وه".
ئه‌و به‌رپرسه‌ی حه‌شدی شه‌عبی داوای به دۆكیۆمێنتكردنی تاوانه‌كانی داعش له ته‌له‌عفه‌ر ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی تاوانه‌كانی ئه‌و گرووپه و ئه‌و فیكره توندڕه‌وییه بكرێنه به‌ڵگه كه له لایه‌ن ژماره‌یه‌ك وڵاتی ناوچه‌كه‌وه به ئایدۆلۆژیای توندڕه‌وی پڕچه‌ك ده‌كرین".