5 گرانبه‌هاترین گرێبه‌ست له مێژووی تۆپی پێ له جیهان
ناوی لیۆنێل مێسی تێدا نییه
دوای ئه‌وه‌ی رۆمیلۆ لۆكاكۆ بۆ ریزه‌كانی مانچێسته‌ر یونایتد گواسترایه‌وه، ئه‌و هێرشبه‌ره به‌لجیكایه بووه 5 گرانبه‌هاترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێ.
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه، 10 ته‌مووزی 2017، پێگه‌ی Squawkaـی بریتانیا گرانبه‌هاترین یاریزانه‌كانی مێژووی تۆپی پێی بڵاو كرده‌وه كه تێیدا پۆڵ بۆگبا به 89 ملیۆن و سێ سه‌د هه‌زار پاوه‌ند لوتكه‌ی گرانبه‌هاترین یاریزانی جیهانی گرتووه كه هاوینی 2016 له یوڤێنتۆسه‌وه بۆ مانچێسته‌ر یونایتد گواسترایه‌وه.
له پله‌ی دووه‌م، گاریس به‌یلی وێڵزی دێت كه له هاوینی 2013 به بڕی 85 ملیۆن سێ سه‌د هه‌زار پاوه‌ند روویكرده ریال مه‌درید.
كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئه‌ستێره‌ی پورتوگالی له پۆلێنی سێیه‌م دێت، به‌و پێیه‌ی له 2009 به بڕی 80 ملیۆن پاوه‌ند له مانچێسته‌ر یونایتده‌وه به‌ره‌و ریال مه‌درید كۆچی كرد.
گۆنزالۆ هیگواین، له هاوینی 2016 له یانه‌ی ناپۆلی بۆ یوڤێنتۆس گواسترایه‌وه، به‌مه‌ش بووه چواره‌م گرانبه‌هاترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێ.
رۆمیلۆ لۆكاكۆی هێرشبه‌ری به‌لجیكی، پێنجه‌م گرانبه‌هاترین یاریزانی جیهانه، به‌وپێیه‌ی له هاوینی ئه‌مساڵ به بڕی 75 ملیۆن پاوه‌ند له یانه‌ی ئێڤه‌رتۆنه‌وه هاته مانچێسته‌ر یونایتد.
