گۆڕان و کۆمەڵ ھەڵوێستی خۆیان لەسەر ریفراندۆم راگەیاند

پەرلەمان بێ مەرج كارا بكرێتەوە

K24 - سلێمانی

دوای كۆتاییھاتنی كۆبوونەوەی نێوانیان بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی راگەیەندراوێكی ھاوبەشیان بڵاوكردەوە و تێیدا داوا دەكەن: "ھەڵبژاردنی گشتی لە كاتی خۆیدا بكرێ و ریفراندۆم بۆ دوایی ھەڵبژاردن دوا بخرێ، یان ھەڵبژاردن و ریفراندۆم لە یەك كاتدا بكرێ".

لە خاڵێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا ھاتووە: "پێویستە دامەزراوەكانی ھەرێمی كوردستان، لە سەروی ھەموویانەوە پەرلەمانی كوردستان بێ ھیچ مەرجێك ئاسایی بكرێنەوە و كارەكانی خۆیان بێ ھیچ لەمپەرێك ئەنجام بدەن".

گۆڕان و كۆمەڵ لەو راگەیەندراوەدا ئەوەشیان خستووەتەڕوو: "ریفراندۆم ھەنگاوێك بێ بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستان بە ناوچە كوردستانیە دابڕێندراوەكانەوە، بەڵام سەرنج و تێبینی جدیمان لەسەر رێكار و میكانیزم و ئامادەسازییەكانی ئێستا ھەیە".

ھەر لەو راگەیەندراوەدا داوا دەكەن: "گوزەران و بژێوی ھاووڵاتیان باش بكرێ و سیستمی پاشەكەوت بە تەواوی ھەڵبوەشێنرێتەوە".

دەقی راگەیەندراوی بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی
دەقی راگەیەندراوی بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی