هه‌ڵسوڕاوى گۆڕان عه‌لى كهريمى: شانازى به سه‌دامه‌وه ده‌كه‌م
تاکو روخانی ئیمە پەیوەندیمان ھەبوە و سه‌دام دڵڕه‌ق نه‌بوو
K24 – هه‌ولێر:
عه‌لى كهريمى كاديرى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و نووسه‌ر و چالاكوانێكى رۆژهه‌ڵاتى كوردستانه و به‌وه ناسراوه كه ره‌خنه‌گرێكى تونده له كه‌سايه‌تى مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و پارتى ديموكراتى كوردستان، له رێى تۆڕى كۆمه‌ڵايه‌تى فه‌يسبووكه‌وه، وێنه‌يه‌كى خۆى بڵاوكردووه‌ته‌وه، كه له دواوه‌ى سه‌دام حوسێن وه‌ستاوه و نووسيويه‌تى: به‌ڵێ شانازى به سه‌دام حوسێنه‌وه ده‌كه‌م. دواى بڵاوبوونه‌وه‌ى ئه‌و بابه‌ته ناوبراو له روونكردنه‌وه‌يه‌كدا ره‌تيكردووه‌ته‌وه ئه‌و قسانه‌ى كردبێت.
عه‌لى كهريمى كه به‌رده‌وام له رێگه‌ى چه‌ند شاشه‌يه‌كى تهلهڤزيۆنهوه هێرش ده‌كاته سه‌ر بارزانى و كه‌سايه‌تييه‌كانى شۆڕشى كورد، له پهيجێكى تۆڕى كۆمه‌ڵايه‌تى فه‌يسبوك كه ناوى ئه‌وى به‌سه‌ره‌وه‌يه نووسيويه‌تى: "دەلیم بەلی بە شانازیەوە ئەوەی پشتی صەدام حسین ئەوە خۆمم ئەوە ئەو کاتەیە کە برادەرانی یەکیتی لە خزمەت صەدام حسین بوون لە سالانی ١٩٨٤ ئیمەش ئەو کاتە لە پەیوەندیمان لەگەل صەدامە ھەبوو، ھەموو حیزب لەژیر چاودیری راستەوخۆی موخابەراتی عیراق کاری دەکرد دژ به دەولەتی داگیرکەری ئیران".
هه‌روه‌ها له‌و نووسينهدا كه كوردستان 24 دڵنيا نييه له خاوهندارێتييهكهى و ناوى عه‌لى كهريمى به‌سه‌ره‌وه‌يه نووسراوه: "سەردەمانیک بوو کە صەدام دۆستی ئیمە بوو".
له به‌شێكى ديكه‌ى ئه‌و نووسينهدا كهريمى كه خۆى به رووناكبير و نووسه‌رى كورد ناساندووه، سه‌دام حوسێنى به‌وه ناوبردووه كه "پياوێكى دڵڕه‌ق نه‌بوو"ه، به چاوپۆشى له تاوانه‌كانى سه‌دام حوسێن به‌رامبه‌ر به كورد به تايبه‌تى جينۆسايد و ئه‌نفال و كيميايبارانى منداڵ و ژن و به‌ساڵاچووانى هه‌ڵه‌بجه و ناوچه‌كانى ديكه‌ى كوردستان.
هه‌روه‌ها ره‌خنه‌شى له كوردى باشوور گرتووه و نووسيويه‌تى: "بۆ مێژوو دەلیم ئەگەر کوردەکانی باشور عەقلانە ھەلسوکەوتیان لەگەل سەداما کردبوایە سەدام پیاوەکی دلرەق نەبوو بەلام نەزانینی ھەلسوکەوتی وسیاسیەتی ئەو کاتەی شۆرشی باشور وای کرد نەتوانن سود لە توانای سەدام بۆ چارەسەر کردنی دۆزی کورد لە باشور ببینن".
له به‌شێكى ديكه‌ى نووسينه‌كه‌يدا له په‌يجى به‌ناو عه‌لى كهريمى دا هاتووه: "سه‌دام راستى فه‌رموو كه ده‌يوت كورده‌كانى باشوور ناتوانن ئيداره‌ى خۆيان بكه‌ن" و له‌و باره‌يه‌وه ده‌ڵێت: "تاکو روخانی ئیمە پەیوەندیمان ھەبوە زۆر جار گلەیی ئەوەم لی کردووە کە بۆ چی مافی باشور نادەی بەلام ئەو پیی وابوو باشوریەکان ناتوانن ئیدارەی راستەقینەی خەلکەکەی بدەن منيش باوەرم بە قسەکەی نەبوو بەلام ئیستا گەیشتوومە سەر ئەو باروەرەی کە سەدام راستی فەرمووە!!! ".
كوردستان 24 له هه‌وڵدابوو بۆ ساغكردنه‌وه‌ى خاوه‌نى راسته‌قينه‌ى ئه‌و په‌يجه و سه‌ره‌نجام دواى بڵاوبوونه‌وه‌ى بابه‌ته‌كه كه به ده‌يان كه‌س له به‌كارهێنه‌رانى تۆڕه كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كان كۆمێنتيان له‌سه‌ر وێنه‌كه نووسيوه و ره‌خنه‌يان له ناوبراو گرتووه. ئه‌و نووسه‌ر و چالاكوانه‌ى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان، روونكردنه‌وه‌يه‌كى بڵاوكردووه‌ته‌وه.
له روونكردنه‌وه‌كه‌دا عه‌لى كهريمى ره‌تيكردووه‌ته‌وه ئه‌و نووسينه هى ئه‌و بێت ورايگهياندووه، كه پهيجهكه ساخته‌يه، به‌ڵام هيچ ئاماژه‌يه‌كى بۆ وێنه‌كه نه‌كردووه و نهيگوتووه كه وێنه‌كه هى ئه‌و نييه.
تێبينى: كوردستان 24 ده‌قى قسه‌كانى ناوبراوى به بێ چاككردنى رێنووس له پهيجهكهوه گواستووه‌ته‌وه.