سه‌رۆكی یانه‌ی ریال مه‌درید چی به په‌یامنێری كوردستان24 گوت؟
ناوی كوردستانی زۆر بیستووه
سه‌رۆكی یانه‌ی ریال مه‌درید له وه‌ڵامێكی كوردستان24ـدا جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه یانه‌كه‌ی له گواستنه‌وه‌ی هاوینه سووپرایزی بۆ هانده‌رانی هه‌یه و ده‌شڵێت: ناوی كوردستان‌م بیستووه.
له رۆژی ناسناندنی (تیۆ هێرناندێز) به میدیاكان، په‌یامنێری كوردستان24 له یاریگه‌ی سانتیاگۆ بێرنابیۆ گفتووگۆیه‌كی كورتی له‌گه‌ڵ فلۆرێنتینۆ پێرێزی سه‌رۆكی یانه‌ی ریال مه‌درید كرد.
له‌مباره‌یه‌وه، (پێرێز) ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد كه (تیۆ هێرناندێز) نابێته دوایین یاریزانی نوێی ئه‌م هاوینه و، گوتیشی: گۆڕانكاری زیاتر به‌ڕێوه‌یه.
كاتێك په‌یامنێری كوردستان24، پرسیاری ئه‌وه‌ی له سه‌رۆكی یانه شایانه كرد كه میدیاكانی ئیسپانیا "پێرێز به گه‌وره‌ترین سه‌رۆك یانه له جیهاندا ناوده‌بن" له‌مباره‌یه‌وه بۆچوونی تۆ چییه؟
پێرێز به رسته‌یه‌كی دیپلۆماسیانه هاته قسه و گوتی: ریال مه‌درید له هه‌موومان گه‌وره‌تره، هه‌ر كه‌سێكیش سه‌رۆكی ئه‌و یانه‌یه بێت، ده‌بێت له ئاست مێژوو و ئه‌زموونی ئه‌و یانه‌یه بێت.
دواتر سه‌رۆكی یانه‌ی ریال مه‌درید هێمای بۆ ئه‌وه كرد كه ناوی كوردستانی بیستووه، ده‌شڵێت: له كاتی جه‌نگی عێراق له دژی تیرۆر، زۆر ناوی كورد و كوردستان‌م به‌ر گوێ كه‌وتووه.
.jpg)