كۆسرەت رەسوڵ بە فەرمی شوێنگرەوەی ئاڵا تاڵەبانی دیاركرد
سەرۆكی نوێی فراكسیۆنەكە تا ھەڵبژاردنی داھاتوو بە وەكالەت دەبێ
K24 - ھەولێر
بە گوێرەی نووسراوێك كە واژووی كۆسرەت رەسوڵ، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی بەسەرەوەیە، بە فەرمی ئارێز عەبدوڵڵا بۆ شوێنگرەوەی ئاڵا تاڵەبانی، وەك سەرۆكی فراكسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی عێراق دیاركرا.
ئەم نووسراوە كە رۆژی 12 ئەم مانگە دەركراوە تێیدا ھاتووە: "دوا بەدوای بڕیاری لادانی ھەڤاڵ ئاڵا تاڵەبانی، لە پۆستی سەرۆكی فراكسیۆنی سەوز، لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە رۆژی 12/6/2017 وە كۆبوونەوەی 29/5/2017 بە سەرپەرشتی جێگری سكرتێری گشتی و ئامادەبوونی ھەڤاڵانی دەستەی كارگێڕی. بڕیارماندا بە دانانی ھەڤاڵ ئارێز عەبدوڵڵا، ئەندامی سەركردایەتی و ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، وەك سەرۆكی فراكسیۆنی سەوز بە وەكالەت تا ھەڵبژاردنی داھاتوو".
ئەمە لە كاتێكدایە پێشتر بە ھۆی چەند لێدوان كە كاردانەوەی لێكەوتەوە، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی بڕیاریدا ئاڵا تاڵەبانی لە سەرۆكی فراكسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی عێراق لابدرێت، ئەمەش مشومڕ و ململانێی نێوخۆی یەكێتی لێكەوتەوە و چەند كەسێك دژی بڕیارەكە وەستانەوە.
