پرسی ریفراندۆمی كوردستان دەبرێتە نێو كۆبوونەوە شورای ئینتەرناشناڵ سۆسیالیست

26 مین کۆبوونەوەى شوراى ئینتەرناشناڵ سۆسیالیست لە نیویۆرک بەڕێوەچوو

26 مین کۆبوونەوەى شوراى ئینتەرناشناڵ سۆسیالیست لە نیویۆرک بەڕێوەچوو

پرسی ریفراندۆمی كوردستان دەبرێتە نێو كۆبوونەوە شورای ئینتەرناشناڵ سۆسیالیست

K24 - نیویۆرك

بۆ جارى دووەم لە بارەگاى رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەى شوراى ئینتەرناشناڵ سۆسیالیست بە ئامادەبوونى سکرتێرى گشتى نەتەوە یەکگرتووەکان و ژمارەیەك حزبی كوردستان بەڕێوەچوو، لە وتاری پارتی دیموكراتی كوردستان كە وەك میوان بانگێشتی كۆبوونەوەكە كرابوو، باسی بارودۆخی كوردستان و پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان كرا، سەرۆکى ئینتەرناشناڵ سۆسیالیست و زۆربەى ئەندامانى ئەم رێکخراوە راشکاوانە پشتگیرى خۆیان بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیى کوردستان دووپاتکردەوە

لە کۆبوونەوەکە سکرتێرى گشتى نەتەوە یەکگرتووەکان وتارێکى پێشکەشکردو جەختى لەسەر ئاشتى جیهانى و دیارکردنى مافى چارەنووس بۆ گەلان کردەوە، ئینتەرناشناڵ سۆسیالیست دووەمین گەورەترین رێکخراوى جیهانە دواى نەتەوە یەکگرتووەکان کە ساڵانێکى زۆرە کوردەکان تێیدا ئەندامن و لەم کۆبوونەوەیەشدا هەر یەک لە پارتى دیموکراتى کوردستان و حیزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران و پارتى یەکێتى دیموکراتیک ئامادەبوون.

سیلاڤ نایف، لە نووسینگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی بەشی دامەزراوە جیھانییەكان، بە كوردستان 24 رایگەیاند: "ئێمە ئەمڕۆ لەم چالاكییە كار لەسەر پەیداكردنی پاڵپشتی بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان و دروستكردنی لۆبی دەكەین، ئەو ریفراندۆمەی لە 25 ئەیلول ئەنجام دەدرێت، ئێمە دەمانەوێت زۆرترین پاڵپشتی نوێنەران و چاودێر لە كۆمەڵگەی  نێودەوڵەتی بۆ پرسی سەربەخۆیی كۆ بكەینەوە".

پارتى دیموکراتى کوردستان هەرچەندە ئەندامى ئەم رێکخراوە نییە، بەڵام لە بڕگەى یەکەمدا وتارى پارتى خوێندرایەوەو تێیدا جەختى لەسەر ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیى کوردستان کردەوە، هاوکات باسى لە رۆڵی پێشمەرگەی کرد لە رووبەڕووبوونەوەو تێکشکاندنى داعش لە عێراق بە هاوکارى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژى داعش و ھەروەھا باسىی ئەوەشكرا كە ھەرێمی كوردستان سەرباری قەیرانی دارایی نزیکەى دوو ملیۆن ئاوارەو پەنابەری لەخۆگرت كە بەھۆی شەڕی داعش ئاوارەبوون.

شاندى پارتى دیموکراتى کوردستان پێکهاتبوون، زۆزان رەشید بەروارى بەرپرسى دیسکى ئەمریکا و سیلاڤ ئیبراهیم بەرپرسى رێکخراوە نێودەوڵەتی و پەیمانگاکانى دەرەوەى پارتى.