ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد به قسه‌ی خامنه‌یی ناكات
به‌پێچه‌وانه‌ی ئامۆژگاری رێبه‌ری ئێران به‌شداری له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات
K24 – هه‌ولێر
له یه‌كه‌م لێدوانیی چاوه‌ڕوان نه‌كراودا، ده‌رباره‌ی خۆپاڵاوتنی بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی، مه‌حموود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد سه‌رۆك كۆماری پێشووی ئێران رایگه‌یاند "رێبه‌ری گه‌وره ئامۆژگاری كردم وه‌ك پاڵیوراو به‌شداری له هه‌ڵبژاردن نه‌كه‌م، منیش قبووڵم كرد، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه به مانای پێش‌گرتن نییه و ته‌نیا ئامۆژگارییه‌ك بوو و ئامۆژگارییه‌كه‌شی پێشی به به‌شداریكردنم ناگرێت".
ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه له دووه‌م رۆژی تۆماركردنی ناوی پاڵێوراوانی خولی دوازده‌یه‌می هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ناوی خۆی تۆمار كرد و هه‌ر ئه‌وكات له وه‌ڵامی پرسیارێك له باره‌ی ئامۆژگاری رێبه‌ر له باره‌ی خۆ كاندیدنه‌كردنی، ته‌نیا پێكه‌نی و وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه.
سه‌رۆك كۆماری پێشووی ئێران دواتر له باره‌ی هۆكاری خۆ كاندیدكردنی گوتی "ته‌نیا بۆ پشتگیریكردنه له حه‌مید به‌قایی".
حه‌مید به‌قایی جێگری ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد له سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تی هه‌ر له‌گه‌ڵ خودی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد سه‌ردانی وه‌زاره‌تی ئیتلاعاتی كرد و وه‌ك پاڵێوراو ناوی خۆی بۆ هه‌لبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی ئێران تۆمار كرد.

به‌قایی به تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی بۆ ماوه‌ی زیاتر له حه‌وت مانگ له زینداندا بوو. به گوته‌ی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد هیچ تۆمه‌تێكی به‌سه‌ردا ساغنه‌بووه‌ته‌وه و ئه‌وانه‌شی سكاڵایان تۆمار كردبوو، داوای لێبوردنیان كردووه.
ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد هۆكارێكی دیكه‌ی له باره‌ی خۆ كاندیدكردنی بۆ "گووشاری به‌رفراوانی خه‌ڵك بۆ به‌شداریكردنی له گۆڕه‌پانه‌كه‌دا گه‌ڕانده‌وه.
گوتیشی " به به‌ڵێنی ئه‌خلاقی خۆم پابه‌ندم و ناونووسینم له هه‌ڵبژاردن ته‌نیا بۆ پشتگیریكردنه له برای ئازیزم ئاغای به‌قایی".
عه‌لی خامنه‌یی رێبه‌ری كۆماری ئیسلامیی ئێران له كاتی پێشكه‌شكردنی گوتارێك، بێ ئه‌وه‌ی ناوی ئه‌حمه‌دی نه‌ژادی بێنێت، گوتی "ئاغایه‌ك هاته لام و ئامۆژگاریم كرد به قازانجی خۆی و وڵاته‌كه به‌شداری له فلان بابه‌ت نه‌كات، كه به‌شداریكردنیشی ده‌بێته هۆی دروستبوونی دوو جه‌مسه‌ریی".
ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد له نامه‌یه‌كدا بۆ خامه‌نه‌یی، پابه‌ندبوونی خۆی به ئامۆژگارییه‌كه‌ی راگه‌یاندبوو.