كلاسیكۆی ئیسپانیا نزیك بۆته‌وه و هانده‌رانی بارسێلۆناش نیگه‌رانن
یانه‌ی ریال مه‌درید له گواستنه‌وه‌ی هاوینه، دوو گره‌وی له بارسێلۆنا بردۆته‌وه
مانگی داهاتووی كلاسیكۆی ئیسپانیا له نێوان ریال مه‌دریدی پاڵه‌وانی لالیگا و بارسێلۆنای پاڵه‌وانی جامی شای ئیسپانیا به‌ڕێوه ده‌چێت، به گوێره‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی راگه‌یاندنی ئیسپانیا، هانده‌رانی یانه كه‌ته‌لۆنیاییه‌كه له بارودۆخی یانه‌كه‌یان رازی نین.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه، 16 ته‌مووزی 2017، پێگه‌ی (داریۆ گۆڵ)ـی ئیسپانیا ئه‌نجامی راپرسییه‌كی بڵاو كردۆته‌وه كه تێیدا زۆرینه‌ی هانده‌ران به (نه‌خێر) بۆچوونی خۆیان له باره‌ی كارگێرانی یانه‌ی بارسێلۆنا ده‌رده‌بڕن.
یانه‌ی ریال مه‌درید له گواستنه‌وه‌ی هاوینه، دوو گره‌وی له بارسێلۆنا بردۆته‌وه، به‌وپێیه‌ی هه‌ریه‌ك له (دانی سیبایۆس و تیۆ هێرناندێز) كه ئامانجی بارسێلۆناش بوون، به‌ڵام كارگێرانی ریال مه‌درید سه‌ركه‌وتووانه ئه‌و دوو یاریزانه‌یان بۆ ریزه‌كانیان گواسته‌وه.
له به‌رامبه‌ردا یانه‌ی بارسێلۆنا (جیرارد دیۆلۆفیۆ و نیلسۆن سیمیدۆ)ـی بۆ ریزه‌كانی گواستۆته‌وه، به‌ڵام هێشتا كڕینی ئه‌م دوو یاریزانه هیوایه‌كی زۆری به هانده‌رانی یانه كه‌ته‌لۆنیاییه‌كه نه‌به‌خشیوه.
به گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه، ته‌نیا گواستنه‌وه‌ی ماركۆ ڤیراتی ده‌توانێت ئومێدی یانه‌ی بارسێلۆنا بۆ وه‌رزی نوێ زیاد بكات.
یانه‌ی بارسێلۆنا و ریال مه‌درید رۆژی 13ـی مانگی داهاتوو له یاریگه‌ی كامپ نوو له جامی سووپه‌ری ئه‌ورووپا به‌یه‌ك ده‌گه‌ن، 4 رۆژ دوای ئه‌م یارییه، له یاری گه‌ڕانه‌وه‌دا له یاریگه‌ی سانتیاگۆ بێرنابیۆ جه‌نگی ناسناوه‌كه ته‌واو ده‌كه‌ن، بارسێلۆنا خاوه‌نی 13 جامی سووپه‌ری ئیسپانیایه، له كاتێكدا ریال مه‌درید خاوه‌نی 10 ناسناوی سووپه‌ری ئیسپانیایه.