"ئێران رێگە بە بەرھەمی ناوخۆیی كوردستان نەدات ئێمەش رێگه لە ھاتنی بەرھەمی ئێران دەگرین"
ھەرێمی كوردستان و ئێران تاوتوێی ھەناردە و ھاوردەی نێوانیان دەكەن
K24 - ھەولێر
عەبدولستار مەجید، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی ھەرێمی كوردستان لە تاران لەگەڵ بەرپرسانی ئێران تاوتوێی ھاوردە و ھەناردەی نێوان ھەرێمی كوردستان و ئێران دەكەن و رایگەیاند: "بە روونی و راشکاوی بە بەرپرسانی ئێرانمان گوت، ئەگەر ئێوە رێگە نەدەن بەرھەمی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بێتە ئێران، ئەوە جوتیاری ئێمەش لێناگەڕێن بەرھەمی ئێرانی بێتە ھەرێمی كوردستان و بەرھەمەکەی خۆشی بەفیڕۆ بچێت".
گوتیشی: "ئێرانییەکان رازی بوون بەو داواکارییەی ئێمە و بازرگانەکانی ئێمە دەتوانن بەرھەمی جوتیاران بکڕنەوە و بە رێگەی خاڵە سنوورییەکان ھاوردەی ئێرانی بکەن".
عەبدولستار مەجید ئاشكرای كرد: "ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە ھەرێمی کوردستان لە زۆربەی بەرھەمە ناوخۆییەکانیدا گەیشتووەتە ئاستی (خوددابینکارییی) و لە پێداویستی ناوخۆ زیاترە و پێویستی بە بازاڕی دەرەوە ھەیە بۆ ساغکردنەوە".
راشیگەیاند: "داوامان لە وەزیری کشتوکاڵی ئێران و بەرپرسانی دیکەی ئەو وڵاتە کرد، کە کارئاسانی بکەن بۆ ئەوەی کاتێک بەرھەمێکی ھەرێمی کوردستان ھەناردەی وڵاتەکەیان دەکرێت رێگریی لێنەکرێت و بەربەرستی بۆ دروست نەکرێت".
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمیی لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و لەلایەن وەزیری کشتوکاڵی ئێران و ژمارەیەک لێپرسراوی باڵای حکوومەتی تارانەوە پێشوازی لێکرا.

