لێزمه‌ بارانێكی هاوینه‌ ئیستانبۆڵ ده‌كاته‌ گۆماو

به‌هێزی بارانه‌كه‌ چاوه‌رواننه‌كراو بووه‌ و تا ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ به‌رده‌وام ده‌بێت

K24 - هه‌ولێر:

ئه‌م به‌یانییه‌ خه‌ڵكی ئیستانبوڵ به‌ ده‌نگی هه‌وره‌ برووسكه‌ و بارانیكی به‌ لێزمه‌ی هاوینه‌ به‌ ئاگا هاتنه‌وه‌، بارانێك شاره‌كه‌ی گرتووه‌ته‌وه،‌ سه‌رجه‌م كایه‌كانی ژیانی رووبه‌ڕووی گرفت كردووه‌ته‌وه‌.

بارانه‌كه‌ ئاوێكی زۆری كۆكردووه‌ته‌وه‌و شه‌قام زو ژێر پرده‌كانی شاره‌كه‌ پڕ بوون له‌ چه‌ندین شوێن لافاو كێشه‌ی بۆ ژیانی هاووڵاتیان درووست كردووه‌ و هاتووچۆ له‌ زۆر ناوچه‌دا په‌كیكه‌وتووه‌.

ژماره‌یه‌كی زۆر دار به‌هۆی به‌هێزی باو لافاوه‌وه‌ شكاونه‌ته‌وه‌و هاووڵاتیان به‌ ناچاریی رووی ئۆتۆمبێله‌كانیان بۆ چه‌ند شه‌قامێكی سه‌ره‌كی سوڕاندووه‌و له‌و شوێنانه‌شدا قه‌ره‌باڵغیی هاتووچۆی خنكاندووه‌.

هه‌ر چه‌نده‌ چاوه‌ڕوانكراو بووه‌ باران ببارێت و ده‌زگاكانی كه‌شناسی ئاماژه‌یان به‌و بارانه‌ هاوینه‌ییه‌ كردووه‌ كه‌ تا ئێواره‌ی ئه‌مرۆ به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌ڵام به‌هێزی بارانه‌كه‌ بۆ هه‌مووان چاوه‌ڕوان نه‌كراو بووه‌.