ژنانی ئێران داوا لە روحانی دەكەن لە حكوومەت بێبەشیان نەكات

"دەكرێ لە كابینەی نوێی حكوومەتی ئێران سوود لە توانای ژنان وەربگیرێت"

K24 - تاران

سەرۆك کۆماری ئێران تا دوو ھەفتەی دیکە ناوی وەزیرانی حکوومەتەکەی بۆ چوار ساڵی داهاتوو ئاشکرا دەکات، چاوەڕێ دەکرێ زیاتر لە نیوەی وەزیرەکانی ئێستا لە پۆستەکەیاندا نەمێن، ژنانی ئێرانیش داوا  لە حەسەن روحانی سەرۆك كۆماری وڵاتەکەیان دەکەن، لەم كابینەیەدا ژنانیش لە وەزارەت بێبەش نەکات.

مەرجان تەوحیدی، رۆژنامەنووس و چالاکڤانی بواری ژنان بە كوردستان24 گوت: "بوونی ژنانە لە کابینەدا دەتوانێ تابۆتی نەبوونی ژنان لە ئاستی باڵای دەسەڵاتدا بشکێنێ، ئێمە تا ئێستا ژنانمان لە ئاستی پلە مامناوەندەکاندا هەبووە و لەوە زیاتر رێگە بە سەرکەوتنی ژنان نەدراوە، بوونی وەزیری ژن دەتوانێ هیوای ئەوەمان بداتێ کە ئاستە باڵاکانی بەڕێوەبردنیشدا دەکرێ کەڵک توانای لە ژنان وەربگیرێت".

لەیلا دانشمەند، چاودێری سیاسی دەڵێت: "ئافرەتان لەم ساڵانەدا لە کۆماری ئیسلامیی ئیراندا سەلماندوویانە کە لە هەموو بوارەکاندا دەتوانن سەرکەوتوو بن، باشتر وایە روحانیش لەم خولەی کابینەکەیدا ئافرەتێک وەک وەزیر دەستنیشان بکات و ئەمجارەیان کابینەکەی بە بوونی ئافرەتێک بدرەوشێتەوە و ئەم جیاوازییە رەگەزییە لە وڵاتەکەماندا نەمێنێ و ژنان بزانن کە لە لووتکە بەرزەکانیشدا جێگایان هەیە".