ئه‌مه‌ریكا چه‌كێكی لێزه‌ری كاریگه‌ر تاقیده‌كاته‌وه
به وردی ئامانجه‌كان ده‌پێكێت و تێچووی یه‌ك پێكانیش یه‌ك دۆلاره
K24 - هه‌ولێر:
"LaWs" سیسته‌می چه‌كی لێزه‌رییه و چیدیكه به‌شێك نییه له چیرۆكه خه‌یاڵییه‌كان، له ئێستادا ئه‌و چه‌كه له‌سه‌ر كه‌شتی "USS Ponce" تایبه‌ت به مارێنزی ئه‌مه‌ریكا، له كه‌نداو تاقیده‌كرێته‌وه.
كاپتن وێڵز، به سی ئێن ئێنی راگه‌یاندووه، ئه‌و چه‌كه لێزه‌رییه "زۆر له چه‌كه فیشهكییهكان" وردتره، هاوكات ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، ئه‌و چه‌كه وه‌ك هیچ جۆره چه‌كێكی دیكه نییه كه له‌لایه‌ن سوپای ئه‌مه‌ریكاوه به‌كارده‌هێنرێت، كه تایبه‌ت بێت به یه‌ك ئامانج، وه‌ك ئاسمانی یاخود زه‌مینی، به‌ڵكو ئه‌و لێزه‌ره بۆ ئامانجی ههمهجۆر به‌كارده‌هێنرێت.
ئه‌و چه‌كه نوێیه، خێراییه‌كی له راده‌به‌ده‌ری له چاو ته‌واوی ئه‌و چه‌كانه‌ی كه پێشتر داهێنراون، خێراییه‌كه‌ی هاوتای خێرایی تیشكه و 50 هه‌زار جار له مووشه‌كه بالیستییه كیشوهربڕهكانیش، خێراتره.
ستافی سه‌رپه‌رشتیاری تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌و چه‌كه، له‌سه‌ر كه‌شتییه‌كه، چه‌كه‌كه‌یان بۆ پێكانی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانیش به‌كارهێناوه، كه هه‌ریه‌ك له وڵاتانی ئێران, كۆریای باكوور، چین و رووسیا و وڵاتانی دیكه‌ی ركابه‌ری ئه‌مه‌ریكا به‌كاریده‌هێنن.
چه‌كه‌كه به وردی فڕۆكه‌كه‌ی پێكاوه و له‌كاتی پێكانیشی، پله‌ی گه‌رمی فڕۆكه به ئامانجهكراوهكه، گه‌یشتووه‌ته هه‌زاران پله، به‌مه‌ش زیانێكی یه‌كجار زۆری به ئامانجه‌كه گه‌یاندووه.
له كاتی پێكانی ئامانجه‌كانیش، ته‌واو بێده‌نگه، له‌و باره‌یه‌وه كاپتن هیوز ده‌ڵێت: "چه‌كێكی ته‌واو بێده‌نگه، هیچ تیشكدانهوهیهكیشی نییه و كاریگه‌ریی و وردیی پێكانه‌كه‌شی، شتێكی باوهڕپینهكراوه".
تێچووی ئه‌و چه‌كه نوێیه‌ش نزیكه‌ی 40 ملیۆن دۆلاره و به شێوه‌یه‌كی كارۆموگناتیسی كار ده‌كات، به مۆلیده‌یه‌كی بچووك سیسته‌مه‌كه به‌گه‌ڕ ده‌خرێت و ستافێكی سێ كه‌سیشی ده‌توانێت به‌كاریبهێنێت، تێچووی هه‌ر لێدانێكیش ته‌نها یه‌ك دۆلاری ئه‌مه‌ریكییه.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانیش، چه‌كه‌كه بۆ خستنه خواره‌وه‌ی مووشه‌كه بالیستییه‌كانی "دوژمنه"، به‌ڵام وه‌ك ستافی تاقیكردنه‌وه‌كه باسی لێوه‌ده‌كه‌ن، هێشتا پێویستی به په‌ره‌پێدانی زیاتره بۆ ئه‌و كاره.