عه‌بادى: موچه و بودجه‌ى حه‌شد زياد ده‌كه‌ين
زۆرتر له سوپاى نيشتيمانى عێراق بايه‌خ و گرنگيان پێده‌درێت.
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق، حه‌يده‌ر عه‌بادى به‌ڵێنى دا مووچه‌ى چه‌كداره مه‌زهه‌بييه‌كانى ميليشياكانى سه‌ر به حه‌شدى شه‌عبى زياد بكات.
له كۆنگره‌يه‌كى رۆژنامه‌وانيدا، عه‌بادى رايگه‌ياند، پشتيوانى له مانه‌وه‌ى چه‌كدارانى حه‌شدى شه‌عبى ده‌كه‌ين.
گوتيشى: هه‌وڵده‌ده‌ين بودجه‌ى حه‌شد زياد بكه‌ين و هاوكات ده‌بێت مووچه‌ى چهكدارهكانيشى زياتر بكرێت.
سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق ئه‌وه‌شى گوت: حكومه‌ت ده‌يه‌وێت ئه‌و موچهيه بگاته چه‌كداره‌كان نه‌ك بۆ دانانى كه‌س و پاره‌داركردنى هه‌ڵمه‌ته‌كانى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن بێت.
ده‌يان هه‌زار كه‌س له‌سه‌ر بنه‌ماى فه‌توايه‌كى عه‌لى سيستانى يه‌كێك له مه‌رجه‌عه‌كانى شيعهى عێراق خۆبه‌خشانه گرووپى ميليشيايان درووستكرد.
دواتر له لايه‌ن ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقه‌وه ميليشياكانى حه‌شدى شه‌عبى ياسايهكى تايبه‌تيان بۆ په‌سندكرا.
به گوێره‌ى ئه‌و ياسايه بودجه و مووچه‌ى ميليشياكانى حه‌شدى شه‌عبى له لايه‌ن حكومه‌ته‌وه دابين ده‌كرێت.
هاوكات يه‌كێك له كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا دابينكردنى مووچه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌يه كه تا ئێستا حكومه‌تى عێراق ئاماده نييه دابينى بكات.
سه‌باره‌ت به داهاتووى حه‌شدى شه‌عبيش، عه‌بادى گوتى: ئه‌و هێزه بۆ چه‌ندين ساڵى ديكه ده‌مێنێته‌وه.
عه‌بادى جه‌ختيشى له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه، كه ئه‌وان رێگه ناده‌ن ئه‌و پاره و سامانه‌ى ده‌به‌خشرێته حه‌شدى شه‌عبى بۆ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن و ده‌نگ كۆكردنه‌وه به‌كار بهێنرێت.
هێز و لايه‌نه عێراقييه‌كان مه‌ترسى ئه‌وه‌يان هه‌يه له پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى داهاتوودا ميليشياكانى حه‌شدى شه‌عبى كانديديان بۆ پۆسته‌كانى په‌رله‌مان هه‌بێت و له رێى ئه‌و سامانه‌ى كۆيان كردووه‌ته‌وه پڕوپاگه‌نده بۆ خۆيان بكه‌ن.
ميليشياكانى حه‌شدى شه‌عبى به چه‌كى پێشكه‌وتوو پڕچهككراوون و زۆرتر له سوپاى نيشتيمانى عێراق بايه‌خ و گرنگيان پێده‌درێت.
به‌شێك له چاودێران له‌و بڕوايه‌دان، پێكهێنانى حه‌شدى شه‌عبى و په‌راوێزخستنى رۆڵى راسته‌قينه‌ى سوپا و ده‌زگا ئه‌منييه نيشتيمانييه‌كان له عێراقدا لاساييكردنه‌وه‌ى كۆمارى ئيسلامى ئێرانه.
له ئێران‌دا له پاڵ بوونى سوپايه‌كى نيشتمانيدا، سوپاى پاسداران دامه‌زراوه كه راسته‌وخۆ سه‌ر به ده‌سه‌ڵاتى رووحانييه مهزههبگهراكانى ئێرانه و له ژێر فه‌رمانى راسته‌وخۆى عه‌لى خامهنهئى شوێنگره‌وه‌ى خومه‌ينييه كه به دامه‌زرێنه‌رى كۆمارى ئيسلامى ده‌ناسرێت.
لايه‌نه چه‌پ و عه‌لمانى و ليبراڵ و ديموكراتييه‌كانى عێراق نيگه‌رانن له هه‌ڵكشانى هه‌ژموونى ميليشياكانى حه‌شدى شه‌عبى كه له ژێر فه‌رمان و كاريگه‌رى راسته‌وخۆى مه‌رجه‌عه‌كانى شيعه و هه‌ژموونى سوپاى پاسدارانى كۆمارى ئيسلامى ئێراندان.
له ئاستى وڵاتانى ناوچه‌كه‌ش به تايبه‌تى ئه‌رده‌ن و توركيا نيگه‌رانى له باره‌ى هه‌ژموونى گيانى تائيفى له‌سه‌ر ئه‌و ميليشيايانه خراوه‌ته‌ڕوو.
له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، له مانگى ئازار/ مارسى رابردوودا، عه‌بادى له به‌رده‌م وه‌زيرانى ده‌ره‌وه‌ى هاوپه‌يمانێتى نێوده‌وڵه‌تى له دژى داعش كه له واشنتن به‌ڕێوه‌چوو، رايگه‌ياند، رێگه به حه‌شدى شه‌عبى نادرێت به‌شدارى له پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردندا بكات.
مه‌ترسييه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى له‌سه‌ر داهاتووى عێراق له ئاستێكدايه كه فه‌رمانده‌ى فه‌رمانده‌يى ناوه‌نديى هێزه‌كانى ئه‌مريكا جه‌نه‌راڵ ستيڤين ڤۆتێل له كۆتايى مانگى ئازارى رابردوو رايگه‌ياند، زياتر له 100 هه‌زار چه‌كدارى شيعه له عێراقدا هه‌ن و ئه‌و پرسه‌ش مايه‌ى نيگهرانييهكى زۆره. به تايبه‌تى له كاتێكدا كه ئه‌و ميليشيايانه له لايه‌ن ئێرانه‌وه پشتيوانيان لێده‌كرێت.