گه‌لی كوردستان ده‌ستبه‌رداری ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی نابێت

"كورد لەمێژە عێراقی تاقیكردووەتەوە و ھەڵەیە ئەگەر جارێكی دیكە بگەڕێتەوە بەغدا"

K24 - سلێمانی

بەبڕوای بەشێک لە سیاستمەداران و رۆشنبیران، ریفڕاندۆم ئەو بڕیارە گرنگەیە کە خەباتی چەند ساڵەی گەلی کوردستان دەباتە قۆناغیکی دیكە، بۆ گەلی کوردستانیش بەدیلی ریفراندۆم ھەر ریفراندۆمە، گەلی کوردستان تەنھا خۆی دەتوانێت مافەکانی بەدەست بھێنێت.

عەتا شێخ حەسەن، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی بە كوردستان24 رایگەیاند: "بە دیلی ریفراندۆم تەنھا ریفراندۆمە، لەبەر ئەوەی دەتوانین بڵێین سەروەرییەكی سیاسی كوردستانە، سەدەیەكە وەك كورد خوێن لە جەستەمان دەچۆڕێ".

ھەر لەبارەی بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم ئازاد تۆفیق، ئەندامی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەڵێ: "لە ساڵی 1991 تا ئێستا دەسەڵاتی سیاسی كوردستان، دوو بڕیاری زۆر گرنگیداوە، كە گوزارشتە لە ئیرادەی تاكی ئەم گەلە، بڕیاری یەكەم راپەڕین بوو كە خەڵكی كوردستان بە ھاوكاری ھێزە سیاسییەكان بەعسییان لە كوردستان راماڵی، بڕیاری دووەم ریفراندۆمە، ئەو بڕیارە گرنگەیە كە دەبێ تاكەكانی كورد لە 25 ئەیلولی ئەمساڵ بەرە سندووقی دەنگدان بڕۆن و دەنگ بدەن بۆ چەسپاندنی ئیرادەی گەل".

دكتۆر کەیوان ئازاد، مامۆستای زانکۆ لە بەشی مێژوو بۆچوونی وایە: "ئەوانەی كە پێیانوایە كورد بۆ بەغدا دەگەڕێتەوە، لە عێراقدا ئاسوودە دەبێت و مووچە وەردەگرێت، لە رابردوو سەلمێنراوە بەغدا چی بە ئێمەدا، كورد لە عێراقدا چەوسێندرایەوە ئاوارە و دەربەدەركرا، كیمیاباران و ئەنفالكرا، تازە بگەڕێنەوە عێراقێك كە لەبەرامبەر داعش تێكشكا، ئەگەر ھاوپەیمانان نەبونایە بەغداش تەخت دەكرا".