عومەری سەید عەلی بێ ركابەرە
سەرۆكایەتی نوێی چڤاتی گشتی گۆڕان ھەڵبژێردرا
K24 - سلێمانی
ئەمڕۆ بزووتنەوەی گۆڕان دەستەی سەرۆكایەتی چڤاتی گشتی ھەڵبژارد، تا ئێستاش عومەری سەید عەلی بۆ پۆستی رێكخەری گشتی گۆڕان بێ ركابەرە.
پەیامنێری كوردستان24 لەسلێمانی رایگەیاند: "لە ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی نوێی چڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان رەئوف عوسمان بە سەرۆكی چڤات و ساڵح ژاژڵەیی بە جێگر و دڵخواز قادر بە سكرتێری چڤاتی گشتی بزووتنەوەكە ھەڵبژێردران".
بڕیارە لە رۆژانی داھاتوودا گۆڕان رێكخەری گشتی ھەڵبژێرێ، بەڵام تا ئێستا عومەری سەید عەلی، تاكە كاندیدە كە ببێتە رێكخەری گشتی ئەو بزووتنەوەیە، پێشتر قادر حاجی عەلی، كاندید بوو بۆ ئەم پۆستە، بەڵام بەر لەوەی بچنە نێو ھەڵبژاردنی ئۆرگانەكان، كشانەوەی خۆی راگەیاند.
لە گۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا و لە وەڵامی پەیامنێری كوردستان24دا ساڵح ژاژڵەیی، جێگری سەرۆكی چڤاتی گشتی گۆڕان رایگەیاند: "رۆژی 25 ئەم مانگە، 56 ئەندامی چڤاتی نیشتمانی دەنگدەدەن بۆ ھەڵبژاردنی 6 ئەندامی خانەی راپەڕاندن، یەكێكیان دكتۆر رەئوف عوسمان، سەرۆكی چڤاتی گشتی دەبێت و بەبێ ھەڵبژاردن دەبێتە ئەندامی خانەی راپەڕاندن و لە ھەمان رۆژدا رێكخەری گشتی ھەڵدەبژێردرێت".
راشیگەیاند: "تا ئێستا عومەری سەید عەلی، دیارە وەك كاندید بۆ گرتنە دەستی پۆستی رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان".