مالیكی: رووسیا نه‌بوایه تیرۆریستان به‌هێز ده‌بوون و دواجار به‌غدا ده‌كه‌وت
جێگری سه‌رۆككۆماری عێراق، بۆ كاراكردنی رۆڵی رووسیا له عێراق گه‌یشته مۆسكۆ
K24 - هه‌ولێر:
نووری مالیكی جێگری سه‌رۆككۆماری عێراق، به سه‌ردانێكی چوار رۆژی گه‌یشتووه‌ته مۆسكۆی پایته‌ختی رووسیا و بڕیاره له‌و سه‌ردانه‌یدا كه ئامانجی سه‌ره‌كی بۆ زیادكردنی رۆڵی رووسیایه له عیراق، ڤلادیمێر پوتین سه‌رۆكی رووسیا و ڤالینتینا ماتڤیینكۆ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی فیدراڵی و سێرگی لاڤرۆڤ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته ببینێت.
له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی "نۆڤۆستی" رووسی مالیكی گوتوویه‌تی "گفتوگۆكانی له‌گه‌ڵ لایه‌نی رووسی بۆ پاراستنی رۆڵی رووسیایه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و چالاككردنی هاوكاریی ئابووری و سه‌ربازی و سیاسی و پرۆژه‌ی وزه‌یه له نێوان رووسیا و عێراقدا".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی "له میانی گفتوگۆكانمان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای رووسیا، له سه‌روویانه‌وه، سه‌رۆكی رووسیا و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی فیدراڵی و وه‌زیری ده‌ره‌وه، به گشتی ده‌رباره‌ی كاراكردنی رۆڵی رووسیا له ناوچه‌كه‌دا و له عێراق به تایبه‌تی گفتوگۆ ده‌كه‌ین".
نووری مالیكی به ئاژانسه رووسییه‌كه‌ی راگه‌یاندووه كه "به ووردی له‌باره‌ی هاوكاریی ئابووری نێوان هه‌ر دوو وڵات له بواره‌كانی بازرگانی و وزه و كاره‌با و پرۆژه‌كانی وزه گفتوگۆ ده‌كه‌ین و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پڕچه‌ككردنی سوپاكه‌مان به چه‌كی رووسی كه سه‌ربازه‌كانمان شاره‌زایی زۆریان له‌سه‌ری هه‌یه ده‌خه‌ینه به‌رباس و لێكۆڵینه‌وه".
ده‌رباره‌ی رۆڵی رووسیاش له ناوچه‌كه‌دا مالیكی گوتوویه‌تی "پێشتر ته‌ئكیدم كردووه‌ته‌وه‌و ئێستاش ته‌ئكیدی ده‌كه‌مه‌وه، ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێستی رووسی نه‌بوایه، ناوچه‌كه به ته‌واوه‌تی وێران ده‌بوو، نه‌خشه‌یه‌كی نوێ و نائاساییان بۆ ده‌كێشا، ئه‌گه‌ر رۆڵی رووسیا نه‌بوایه كه بووه‌ته هۆی گۆڕینی رۆڵی ئه‌مریكا، رژێمی سووریا ده‌ڕووخا و تیرۆریسته‌كان پێگه‌كانیان به‌هێز ده‌كرد و نه‌خشه‌ی ناوچه‌كه ده‌گۆڕاو له كۆتایشدا به‌غدا ده‌كه‌وت".