ئێران بە مەرج پشتیوانی لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەكات
یەكێتی پەیامی ئێران دەگەیەنێتە پارتی
K24 - ھەولێر
بەگوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، ئێران پەیامێكی بە شاندی یەكێتی بۆ پارتی ناردووە و مەرجی تارانیان بۆ پشتیوانی كردن لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان ئاشكرا كردووە، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆشدا شاندی یەكێتی پەیامەكەی ئێران دەگەیەنێتە پارتی و گفتوگۆی لەسەر دەكەن.
ئاراس ئەحمەد پەیامنێری كوردستان24، لە شوێنی كۆبوونەوەی شاندی باڵای پارتی و یەكێتی رایگەیاند: "شاندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ دوو مەبەست لەگەڵ شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆبوونەوەدان، یەكەم یەكێتی پەیامێكی تارانی بۆ پارتی ھێناوە، ئێران داوای لە یەكێتی كردووە، ئەگەر ئێوە ھەركاتێك توانیتان كێشە ناوخۆییەكان چارەسەر بكەن، ھەڵوێستمان لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم دەگۆڕێت".
بەپێی زانیاری پەیامنێرمان: "بەرپرسانی ئێران بە شاندی یەكێتیان گوتووە، ئەگەر ئێوە گومانی دەرەكی لەسەر ریفراندۆم نەھێڵن، ئەوا پشتگیریتان دەكەین، ئەوەش وەك مەرجی ئێران بۆ پشتیوانی كردن لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دادەنرێت".
گوتیشی: "یەكێكی دیكە لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەكێتی، كاراكردنەوەی پەرلەمانە و یەكێتی ئەمجارە زۆر جیدییە لە چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكان و كاراكردنەوەی پەرلەمان، دەیەوێت دوایین قسە لە پارتی وەربگرێت و ئەمجارە بە بڕیار لە كۆبوونەوەكان بێتەدەرەوە".
ئاماژەشی بۆ ئەوەكرد: "شاندی باڵای یەكێتی ھیچ پەیامێكی گۆڕانی پێ نییە بۆ پارتی، بەڵام قسەی گۆڕانی پێیە، دەیەوێت ئەمجارە بەجیدی ببێتە ناوبژیوانی نێوان پارتی و گۆڕان، ھەروەھا یەكێتی رایگەیاندووە، ئەگەر ئامادەكاری تەواو نەكرێت ناچێتە كۆبوونەوەی داھاتووی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم".