94 ساڵ بەسەر پەیمانی لۆزان و پارچەكردنی كوردستان تێدەپەڕێ
دوایی ئەو ھەموو زوڵمە ھێشتا نەیارانی كورد دژایەتی سەربەخۆیی كوردستان دەكەن
K24 - ھەولێر
94 ساڵ بەسەر پەیماننامەی لۆزان و پارچەكردنی كوردستان تێدەپەڕێت، ئێستاش سەركردایەتی ھەرێمی كوردستان لە بڕیارێكی چارەنووس سازدا، رۆژی 25 ئەیلوولی ئەمساڵی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی دەست نیشان كردووە.
ساڵی 1639 بۆ یەكەمجار كوردستان لە چوارچێوەی پەیمانی قەسری شیریندا لە نێوان هەر دوو ئیمپراتۆری عوسمانی و سەفەویدا دابەشكرا، ئەویش دوای شەڕی خوێناوی چاڵدێران لەسەر خاکی کوردستان لەنێوان هەردوو زلهێزدا.
94 ساڵ پێشی ئێستا، وڵاتانی زلهێزی جیهانی رێككەوتننامەی لۆزانیان مۆرکرد، کوردستانی بندەستی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیان، کە ئەوکات بە پیرە مێردە نەخۆشەکە ناویدەبرا، دابەشکردەوە.
ئەو هێزانەی لە شەڕی جیهانی یەكەم كە لە نێوان ساڵانی (1914 - 1918) سەركەوتبوون، لە مانگی تەمووزی ساڵی (1923) دا لەشاری (لۆزان) ی (سویسرا) كۆبوونەوەو پەیمانێكیان واژوو كرد كە دواتر بە پەیمانی لۆزان ناسرا.
بابەتی سەرەكی ئەو كۆبوونەوەیە، دابەشکردنی کێکی سەرکەوتنیان بوو لە شەڕ و کێشانەوەی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو لەسەر میراتی عوسمانییەکان، ئەویش دوای هاتنە ناوەوەی سووپای وڵاتە زلهێزەکان بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داگیرکردنی خاکێکی بەرین لەلایەن ئەوانەوە.
وەک زۆربەی جاران، خەڵکی کوردستان نوێنەری خواست و داواکارییەکانین لەو کۆنگرەیە نەبوو، ئەوکاتیش خەڵکی کوردستان نەیانتووانیبوو لە دەوری چەترێکی یەکگرتوو کۆببنەوە و خواستی خۆیان ببەنە سەر مێزی گفتوگۆکان و بەدەستی خۆیان چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن. هەر بۆیە بەبێگوێدانە خواستی کوردستانیان لە رۆژی (24 تەمووزی ساڵی 1923)دا پەیمانی (لۆزان) واژووكرا.
هێزە سەرکەوتووەکانی شەڕی یەکەم، بەپێوانەی بەرژەوەندی و خواست و بە تاڵانبردنی سەروەت و سامانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رازیکردنی دڵی ئەوانەی ببونە کەوا سووری بەر لەشکرەکانیان، ناوچەکەیان لەسەرخۆیان دابەشکرد، ئەو دابەشکارییەی ئەوکات، ئێستاش خوێن لە جەستەی میللەتانی ناوچەکە دەچۆرێنێت و بەدەست ئەو گوێ نەدانە بە خواستی ئەوان هەمیشە کێشە و قەیرانبەکان نوێ دەبنەوە.
لە دوای واژووكردنی پەیمانی (لۆزان) توركیا، ئێران، عێراق و سووریا بە هەموو هێزی خۆیان سیاسەتی نكۆڵی و لەناوبردنیان لە بەرامبەر گەلی كوردستان پەیڕەو كرد.
سەرەڕای ئەوەی كە خاڵەكانی (39 و 41) ی ئەو پەیمانە مافە پەروەردەیی و زمان و پاراستنی كلتووری كوردان پەسەند دەكات، بەڵام ھەرگیز ئەم خاڵانە لە بەرچاو نەگیران و لە بەرانبەر خەڵکی کوردستان سیاسەتی پاكتاوی نەژادییان گرتەبەر.
ئێستاش دوای 94 ساڵ لەم پەیماننامەیە، سەركردایەتی ھەرێمی كوردستان لە بڕیارێكی چارەنووس سازدا، رۆژی 25ی ئەیلولی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی دەستنیشانكردووە. بەڵام پێدەچێت، هەندێک لایەنەی دەرەکی و ناوەکی، پتر مەیلیان بەلای دژایەتی خواستی خەڵکی کوردستان دابچەمێتەوە، جارێکی دیکەش رێگربنەوە لە بەدیهێنانی مافی خەڵک کوردستان و گێڕانەوەی بڕیاری چارەنووسیان بۆ دەستی خۆیان.