ئیتلاعات: حەشارگەی گروپێكی توندڕەومان لە رۆژھەڵاتی كوردستان دۆزیوەتەوە

بەرپرسێكی ئەمنی زانیاری دەخاتەڕوو

K24 - ھەولێر

وەزارەتی ئیتلاعات رایدەگەیەنێت، لە رۆژھەڵاتی كوردستان دەستیان بەسەر حەشارگەیەك گرتووە كە پەیوەندی بە تەقینەوەكانی تارانەوە ھەیە.

وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران رایگەیاند، لە گوندێكی سەر بە كرماشانی رۆژھەڵاتی كوردستان، دەستیان بەسەر حەشارگەی گرووپێكی توندڕەودا گرتووە كە پەیوەندی بە تەقینەوەكانی مانگی رابردووی تارانەوە ھەیە.

بەرپرسێكی ئەمنی لە وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران بە میدیاكانی وڵاتەكەی گوتووە، لە یەكێك لە گوندەكانی سەر بە شاری كرماشان، دەستیان بەسەر خانوویەكدا گرتووە كە حەشارگەی گرووپێكی توندڕەو بووە و تێیدا چەك و تەقەمەنییان دۆزیوەتەوە کە بۆ ناردن بۆ شارەكانی دیكەی ئێران دروستكرابون.

وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران دەشڵێت، دەستیان بەسەر كۆمەڵێك بەڵگەدا گرتووە كە دەریدەخەن ئەو حەشارگەیە پەیوەندی بە تەقەینەوەكانی مانگی رابردووی تارانەوە ھەبووە و ھێزە ئەمنییەكانیش حەشارگەکەیان لەناوبردووە.