پوتین باسی لێهاتوویی هاككه‌ره رووسه‌كانی بۆ تره‌مپ كردووه
سه‌رۆكی رووسیا ستایشی هاككه‌ره رووسه‌كان ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمزی ئه‌مریكی بڵاویكردووه‌ته‌وه كه "ڤلادیمێر پوتین سه‌رۆكی رووسیا، له كاتی دیداره‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، كه له په‌راوێزی بیسته‌مین لوتكه‌ی بیست وڵاته گه‌وره پیشه‌سازییه‌كه‌ی هامبۆرگی ئه‌ڵمانیا به‌ڕێوه‌چوو، به سه‌رۆكی ئه‌مریكای گوتووه، هاككه‌ره رووسه‌كان زۆر شاره‌زا و لێهاتوون".
رۆژنامه‌كه نووسیوویه‌تی "سه‌رۆك پوتین ستایشی چه‌ته و هاككه‌ره رووسه‌كانی كردووه‌و به تره‌مپی گوتووه "ئه‌وان زۆر لێهاتوو و شاره‌زان و له پاش خۆیان هیچ شوێنه‌وارێك به‌جێناهێڵن كه گومانیان لێبكرێت و ئاشكرا بكرێن".
ئه‌نسۆنی سكاراموش، به‌رێوه‌به‌ری په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كانی كۆشكی سپی به كه‌نالی (CNN) گوتووه "من ئه‌و وشانه‌م له سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ بیستووه".
جێگای بیرهینانه‌وه‌یه كه پارتی دیموكراتی ئه‌مریكی، رووسیای به چه‌ته‌گه‌ریی ئه‌لیكترۆنی و هاككردنی پێگه ئه‌لیكترۆنی و پێگه‌ی پۆسته‌كان تۆمه‌تبار كردبوو و كه به‌هۆی دزهپێكردنیانهوه ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مریكا له به‌رژه‌وه‌ندی تره‌مپ گۆڕاوه.
به‌ڵام به‌رده‌وام دۆناڵد تره‌مپ ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ره‌تكردووه‌ته‌وه‌و گوتوویه‌تی "هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی سه‌لمێنه‌ر بۆ ده‌ستوه‌ردانی رووسیا و هاككهرهكانیان نییه.