عه‌بادی رێگه‌كه‌ی له مالیكی جیاده‌كاته‌وه
جیابوونه‌وه‌و ده‌ست له كاركیشانهوه له‌ناو هاوپه‌یمانیی ده‌وڵه‌تی یاسا ده‌ستیپێكرد
K24 - هه‌ولێر:
مه‌نسور ئه‌لبعێجی، ئه‌ندامی هاوپه‌یمانیی ده‌وڵه‌تی یاسا، ورده‌كاریی یه‌كه‌مین نه‌خشه‌ی هاوپه‌یمانێتییه‌كانی ناو لیسته‌كه‌ی و حزبی ده‌عوه‌ی ئیسلامی بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو ئاشكرا ده‌كات.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی هاوپه‌یمانیتی ده‌وڵه‌تی یاسا ده‌ڵێت "حزبی ده‌عوه به دوو لیستی جیاواز ده‌چێته هه‌ڵبژاردنی داهاتووه‌وه، یه‌كه‌میان به سه‌رۆكایه‌تی نووری مالیكی و دووه‌میشیان به سه‌رۆكایه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی ده‌بێت".
مه‌نسور ئه‌لبعێجی رایگه‌یاندووه "جیابوونه‌وه‌و ده‌ست له كاركێشانه‌وه ده‌ستیپیكردووه‌و هیچ هاوئاهه‌نگییه‌ك له ناو هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌دا نه‌ماوه كه وه‌ك خێوهتیك بۆ شیعه فه‌رمانڕه‌واكانی عیراق ناوده‌برا، ناكۆكییه‌كانیش گه‌یشتوونه‌ته ئاستێك هیچ كه‌سێك ناتوانێت به نهینی بیهێڵێته‌وه و له میدیاكانی بشارێته‌وه.
پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی " العربي الجديد" له سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقه‌وه ئاشكرایكردووه كه "له دایكبوونی كوتله‌ی (التحرير والبناء) به سه‌رۆكایه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی نزیك بووه‌ته‌وه و ده‌یه‌وێت دوور له چه‌تری حزبی ده‌عوه‌ی ئیسلامی به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مینداره گشتییه‌كه‌ی (نووری مالیكی) بچێته هه‌لبژاردنی داهاتووه‌وه".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی "عه‌بادی توانیوویه‌تی 103 ئه‌ندامی كوتله‌ی حزبی ده‌عوه و حزبه‌كانی دیكه به لیسته نوێیه‌كه‌یه‌وه په‌یوه‌ست بكات، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵیدا بچنه هه‌ڵبژاردنه‌وه. هه‌روه‌ها سه‌ركه‌وتوو بووه له راكیشانی كه‌سایه‌تی دیاری دیكه‌ی ته‌كنۆكرات و سڤیل، جگه له ژماره‌یه‌ك له سه‌ركرده‌كانی حه‌شدی شه‌عبی كه خاوه‌ن جه‌ماوه‌رێكی زۆرن له پارێزگاكانی باشووری عێراق و به‌م زووانه ده‌ست له چه‌كداریی هه‌ڵده‌گرن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ یاساكانی كۆمیسیۆن گونجاوبن".