"وادەی كاراكردنەوەی پەرلەمان دیاركرا"

شاندێك سەردانی بەغدا دەكات

K24 - ھەولێر

پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا، ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم بە سەرۆكایەتی مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بڕیاردرا لە ماوەی دوو ھەفتەدا پەرلەمانی كوردستان كارابكرێتەوە".

گوتیشی: "ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم بڕیاریدا، بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، لەبارەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، شاندێك سەردانی بەغدا بكات".

لە راگەیەندراوێكدا ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم ئاشكرای كردووە كە لە كۆبوونەوەكەدا چەند بڕیارێكدراوە: "یەكەم: کۆبوونەوەکە بڕیاری دا بە ڕاسپاردنی بەڕێزان مەسعود بارزانی و کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی بۆ پێکهێنانی شاندی دانوستان لەگەڵ بەغدا. دووەم: کۆبوونەوە بڕیاری دا لە ماوەی دوو هەفتە دا پەرلەمانی کوردستان دەست بە کار بکات بۆ چارەسەری کێشەکان و پشتیوانیی لە ڕیفراندۆم. سێیەم: لەبارەی پڕەنسیپەکانی پێکهاتە و سکرتارییەتی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بیروبۆچوون ئاڵوگۆڕ کرا".

 

دەقی رایەگەیەندراوی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم

ڕۆژی یەکشەممە 30ـی7ـی2017 لە پیرمام كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرپەرشتیی بەڕێز مەسعود بارزانی و بەشداریی بەڕێزان کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نوێنەری پارتە سیاسی و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی ئەندام لەو ئەنجوومەنە بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان، بەشدار بوو و وردەکارییە تەکنیکییەکانی کۆمسیۆنی بۆ ئامادەکاریی ڕیفراندۆم لە ڕۆژی دیاریکراوی خۆیدا خستەڕوو و ئامادەیی تەواوی کۆمسیۆنی بۆ تەواوکردنی پێداویستییەکان و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ڕۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 ڕاگەیاند.

دوای تاوتوێكردنی بارودۆخی سیاسی و دوا پێشهاتەكان و هەڵسەنگاندنی هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پڕۆسەی سیاسیی ناوخۆی هەرێم، بڕیار لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە درا:

یەكەم: کۆبوونەوەکە بڕیاری دا بە ڕاسپاردنی بەڕێزان مەسعود بارزانی و کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی بۆ پێکهێنانی شاندی دانوستان لەگەڵ بەغدا.

دووەم: کۆبوونەوە بڕیاری دا لە ماوەی دوو هەفتە دا پەرلەمانی کوردستان دەست بە کار بکات بۆ چارەسەری کێشەکان و پشتیوانیی لە ڕیفراندۆم.

سێیەم: لەبارەی پڕەنسیپەکانی پێکهاتە و سکرتارییەتی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بیروبۆچوون ئاڵوگۆڕ کرا.

ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم

30ـی7ـی2017