"مەریەم ھاوناز نییە"

چارەنووسی مەریەم یەكلایی دەكرێتەوە

K24 - سلێمانی

ئەمڕۆ سێیەم دانیشتنی كەیسی مەریەم لە دادگای سلێمانی بەڕێوە دەچێت كە یەكێكە لە بێسەرو شوێن بووەكانی دوای كیمیابارانی ھەڵەبجە، پاش دوو دانیشتنی دادگا تا ئێستا چارەنووسی بە نادیاری ماوەتەوە و داوا دەكات ئەمڕۆ چارەنووسی یەكلایی بكرێتەوە.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24 مەریەم گوتی: "داوا دەكەم ھەرچی زووە چارەنووسم دیار بكرێت، ھێندە قەلەق و بێتاقەتم، نازانم چۆن وەڵامتان دەدامەوە".

راشیگەیاند: "ئێستا بۆم روونبووەتەوە كە بۆچی كەیسی من شێوێندراوە، ھەقی خۆمان لە كاتی خۆی سكاڵا تۆمار بكەم، لە رووی دەرونیەوە كاریگەری خراپی بەسەر منەوە ھەیە".

مەریەم ئەوەشی خستەڕوو: "كوردستانم بە قەد گیانم خۆشم دەوێ و لێرە دەمێنمەوە".

شجەبار ئەحمەد، پارێزەری مەریەم، بە كوردستان24 رایگەیاند: "ئەمڕۆ سێیەم دانیشتنی دادبینی مەریەم بەڕێوەدەچێت، رەنگە ئەمڕۆ زیاتر وتەی گەواھیدەرەكان وەربگیرێت، پێدەچێت ئەمڕۆ دوایین دانیشتن بێ و كەیسەكە یەكلایی بكرێتەوە، بەڵام دوابڕیار لای دادوەرە".

گوتیشی: "ھەندێ تیبینی لەسەر پشكنینی ھوبووە، بەڵام ھاوناز خۆی دەزانێت كە ھاوناز نییە، تەمەنی ھاوناز و مەریەم لە یەكتر دوورە ئەمە بۆ ھەموو خەڵكی كوردستان روون بووەتەوە، كەسوكاری ھەقی خۆیانە سۆراغی بكەن، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكان گۆڕی ھاوناز لە تارانە، ھیوادارم چیتر چارەنووسی منداڵە ونبووەكانی ھەڵەبجە وەك مەریەم لێ نەكرێت".

دوای کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە لە ساڵی 1988 دا و ئاوارەبوونی خەڵکەکەی بۆ وڵاتی ئێران، لەو رووداوەدا چەندین خێزان ئەندامەکانیان لێ ونبوو و لە وڵاتی ئێران گیرسانەوە، بە گوێرەی ئامارەكان تا ئێستا 114 منداڵی ھەڵەبجە بێسەروشوێنن، ھەروەھا 11 منداڵیان دۆزراونەتەوە، بەڵام 72 خێزانی ھەڵەبجە چاوەڕێی دۆزینەوەی رۆڵەکانیانن.