سنوورەكانی كۆڵبەری لە رۆژھەڵاتی كوردستان دادەخرێن
ھێزە ئەمنییەكان راسپێردراون
K24 - ھەولێر
سنوورەكانی كۆڵبەری لە رۆژھەڵاتی كوردستان دادەخرێن و وەك ناوچەی بازرگانی سنووری رادەستی گومرگی ئێران دەكرێن.
بەپێی یاسایەكی پەسەندكراوی حكوومەت لە ئەنجومەنی وەزیرانی ئێراندا، سنوورەكانی كۆڵبەری لە پارێزگاكانی سنە و كرماشان و ورمێی رۆژھەڵاتی كوردستان و سیستان و بەلووچستان لە رۆژھەڵاتی ئێران دادەخرێن و ئەو ناوچانە وەك 8 ناوچەی بازرگانی سنووری رادەستی گومرگی ئێران دەكرێن.
بەپێی ئەو یاسایە، ھێزە ئەمنییەكانی ئێرانیش راسپێردراون بۆ پاراستنی ئەمنییەتی سنوورەكان و رێگەگرتن لە دەربازبوونی كۆڵبەرەكان لە ناوچە سنوورییەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان. حكوومەتی ئێران ئەو ناوچە سنوورییانەی بە ناوچەی نایاسایی و قەدەخەكراوی بازرگانی داناوە.