کۆریای باکوور بەڵێنی پشتیوانیی سەربازی بە رووسیا دەدات
ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، کیم جۆنگ ئوون، رێبەری کۆریای باکوور لە پەیامێکی پیرۆزباییدا بە بۆنەی لەدایکبوونی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، بەڵێنی پشتیوانیی نەگۆڕی بۆ مۆسکۆ دووپات کردەوە. ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی فەرمیی کۆریا بڵاویکردەوە، کیم جەنگی مۆسکۆ لە ئۆکرانیای بە جەنگێکی پیرۆز ناوبردووە.
کۆریای باکوور لە دەستپێکی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا لە ساڵی 2022ـەوە بووەتە هاوپەیمانێکی سەرەکیی کرێملین. پیۆنگیانگ لەبەرامبەر بەدەستهێنانی دەستکەوتی ئابووری و تەکنەلۆژیای سەربازی، هێزی بۆ پشتیوانیکردنی هەوڵە جەنگییەکانی رووسیا ناردووە.
دەزگای هەواڵگریی کۆریای باشوور ساڵی رابردوو مەزەندەی کردبوو نزیکەی 2,000 سەربازی کۆریای باکوور لە جەنگەکەدا کوژرابن، بەڵام هەڵسەنگاندنێکی نوێتر ژمارەی کوژراو و بریندارانی ئەو هێزانەی بە نزیکەی 6,000 کەس مەزەندە کردووە.
کیم لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "خۆشحاڵم پەیوەندییەکی دۆستانەی باشمان هەیە و لاپەڕەیەکی نوێ بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەکەینەوە". کیم جەختیکردەوە: "پشتیوانیی نەگۆڕم بۆ ئێوە و فیدراسیۆنی رووسیا دووپات دەکەمەوە".
رێبەری کۆریای باکوور روونیکردەوە، باوەڕی پتەوی وایە ئەو جەنگەی گەلی رووسیا دەیکات بە دڵنیاییەوە بە سەرکەوتنی ئەوان کۆتایی دێت.
پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی کۆریای باشوور و ئۆکرانیا گرژی تێکەوتووە. ئەم دۆخە دوای ئەوە هات ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ئاشکرایکرد دوو سەربازی کۆریای باکوور کە دەستگیرکرابوون، رادەستی سیئول کراون.
سیئول ئاشکراکردنی ئەم بابەتەی بە نادروست وەسف کرد و روونیکردەوە، دەبوو ئەو پرۆسەیە بە نهێنی بمێنێتەوە، چونکە بەم کارە داواکارییەکانی کیێڤ بۆ بەدەستهێنانی چەک ئاڵۆزتر دەبێت.
کۆریای باشوور تا ئێستا چەکی کوشندەی پێشکەشی ئۆکرانیا نەکردووە. ئەمەش بەهۆی یاسایەکی ناوخۆییەوەیە کە رێگری لە پێشکەشکردنی هاوکاریی سەربازی بەو وڵاتانە دەکات کە لە جەنگدان.
زێلینسکی رایگەیاند، پیۆنگیانگ خۆی بۆ ناردنی ژمارەی زیاتری هێز بۆ رووسیا ئامادە دەکات، تا پشتیوانیی هەوڵە جەنگییەکانیان دژی ئۆکرانیا بکەن.