ئەندازیارانی نەوت لە کەرکووک مانیانگرت و داوای دامەزراندن دەکەن

سەدان دەرچووی ئەندازیاری نەوت و سووتەمەنی وزە لە کەرکووک گردبوونەتەوە و لەگەڵ راگەیاندنی مانگرتن، داوای مافی دامەزراندن و جێگیرکردنی بڕگەیەکی تایبەت بە پلەی وەزیفی لە بودجەی 2027دا دەکەن.

پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک چووەتە نێو دەرچووەکان و ئاماژەیدا، زیاتر لە 10 جارە دەرچووان گرد دەبنەوە و داوای دامەزراندن دەکەن، کە ژمارەیان زیاتر لە 400 دەرچوو دەبێت و تەواوی پسپورییەکانی بواری ئەندازیاری پیشەسازی نەوتیان تێدایە، ئەوان دەڵێن تاوەکوو ئێستا لە هەموو بڕیار و مافێکی دامەزراندن بێبەشکراون.

دەرچووان لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، لەبەردەم کۆمپانیای نەوتی باکوور، کە دەکەوێتە رۆژئاوای شاری کەرکووک، گردبوونەتەوە و بە هێمن ناڕەزایی دەردەبڕن، لەنێویاندا دەرچووانی 2012 تا دەرچووانی 2024یان تێدایە و زیاتر لە 10 ساڵە لە چاوەڕوانی دەرفەتی دامەزراندن. ئەندازیارە دەرچووەکان بە زمانی عەرەبی دورشمی بەرز کردووەتەوە، نووسیویانە داواکاریی رەوا و شایستەمان، جێگیرکردنی مافی دامەزراندنە لە بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2027. 

هەرچەندە هیچ هێزێکی پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان و فیدراڵی نەچوونەتە دەوروبەری ئەندازیارە مانگرتووەکان، تەنیا ئەندامانی پۆلیسی نەوت و کانزاکانی کۆمپانیاکە لەبەردەم خۆپیشاندەران وەستان و بەشێکیشیان بە مۆبایلەکانیان وێنەی خۆپیشاندەران دەگرن.

یەکێک لە گەنجە دەرچووەکان بۆ کوردستان24 گوتی: ژمارەیەکی زۆرین لە دەرچووانی نەوت و سووتەمەنی وزە تا ئێستا لە زۆربەی پلە وەزیفییەکانی دامەزراندن، کە راگەیەندراوە، بێبەشکراوین.

گوتیشی: دەرچووانی ئەندازیاری نەوت و پسپۆرییەکانی ئەم زانستە، وەک هیچ بڕوانامەیەکی دیکە نییە و جگە لەم پسپۆرییەی خۆی ناتوانین لە هیچ ئەرک و پسپۆرییەکی دیکە دابمەزرێن و کار بکەین. هەروەها لەو حەوت هەزار پلەی دامەزراندن بڵاوکرایەوە، ئەو پلانەی بۆ دەرچووانی نەوت دانرابوو، هێندە کەمبوو بە پەنجەکانی دەست دەژمێردران، بۆیە داوا دەکەین لە بودجەی گشتی 2027دا بڕگەیەکی تایبەت بە دامەزراندنی ئێمەی دەرچووان جێگیر بکرێت.