لەبارەی پاشەكەوتی مووچە داوایەك ئاراستەی حكوومەت دەكرێت

بەیاننامەیەك بڵاودەكەنەوە

K24 - ھەولێر

دژی سیستەمی پاشکەوتی مووچەی فەرمانبەران ژمارەیەک رێکخراوی كۆمەڵی مەدەنی، لەبەردەم ئەنجوومەنی وەزیران گردبوونەوە و داواش دەکەن سیستمی پاشکەوتنی مووچە هەڵبگیرێت، لە یاداشتەکەشیاندا داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن لە ماوەی یەک مانگدا وەڵامیان بداتەوە ئەگەر نا هەڵوێستی دیکەیان دەبێت.

بەرهەم قەرەداخی، سکرتێری  رێکخراوی کرێنشینانی کوردستان بە كوردستان24 گوت: "بەیاننامەكمان بڵاو كردەوە، بۆ ئەوەی حكوومەت بێتە سەرخەت و بژێوی ژیانی خەڵك دابین بكات، چونكە 80% خەڵكی كوردستان مووچە خۆرن، ژیانی خەڵك لە بارێكی خراپدایە".

گوتیشی: "داوا لە حكوومەتی ھەرێم دەكەین پاشەكەوتی مووچە ھەڵگرێت، یان ئەگەر پەرلەمان كاراكرایەوە بە سیستمی پەرلەمانی ئەو كێشەیە بە یاسایی چاك بكەن و ژیان و گوزەرانی خەڵك باشتر بكرێت".