پارتی كاراكردنەوەی پەرلەمان بە بێ مەرج لەگەڵ یەكگرتوو تاوتوێ ده‌كات

پارتی: چاوەرێی وەڵامی گۆڕانين

K24 - هه‌ولێر:

ئێوارەی ئەمڕۆ شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی سەردانی بارەگای یەكگرتووی ئیسلامیی كرد و لەگەڵ سەڵاحەدین بەھادین، ئەمینداری گشتی یەكگرتوو كۆبووەوە

لە راگەیانراوی كۆبوونەوەكەدا, جه‌خت له‌سه‌ر چاككردنی خێرای مووچه‌ و بژێوی خه‌ڵك و هه‌رچی زوو چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ و گرفته‌كانی هاووڵاتیان كراوه‌ته‌وه‌.

ھەروەھا ئاماژە بەوەكراوە، پارتی و یەكگرتوو دووپاتيان له‌وه‌ كرد‌ووەتەوە‌, له‌ ئێستادا پێویسته‌ لایه‌نه‌ سیاسيیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان گۆڕانكاری ناوچه‌كه‌ به‌هه‌ند وه‌ربگرن و هه‌وڵی جدی بده‌ن بۆ یه‌كخستنی هه‌ڵوێستیان له‌ پرسه‌ نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا، هه‌روه‌ها پاراستنی یه‌كڕیزی نیشتمانی و هه‌وڵدان بۆ ئاشته‌وایيه‌كی نیشتمانی گشتگیر، كه‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان تێیدا به‌شدار بن.

پرسی ریفراندۆم و ئاماده‌كاری پێویست بۆ ئه‌نجامدانی تاووتوێكراوە و خوازراوە په‌له‌ بكرێت له‌ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و نه‌هێشتنی ئه‌و له‌مپه‌رانه‌ی له‌به‌رده‌می دایه.

دوای كۆبوونەوەكەش، دڵشاد شەھاب، ئەندامی سەركردایەتی پارتی بە میدیاكانی راگەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا وێڕای تاووتوێكردنی دۆخی ئێستا، كاراكردنەوەی پەرلەامن بە بێ مەرج تاووتوێ كراوه‌، ئاماژەی بەوەشكرد، بۆ بەستنی كۆبوونەوە، پارتی چاوەرێی وەڵامی بزووتنەوەی گۆڕانە.