ریاز سەیف: بارزانی هەموو کات پشتگیری لە خەڵکی سووریا کردووە
"بەم نزیکانە بۆ دیداری بارزانی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەین"
K24 - ئیستانبوڵ
ریاز سەیف، سەرۆکی ئیتیلافی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا رایگەیاند، مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان هەموو کات پشتگیری لە خەڵکی سووریا کردووە و دۆستی ھێز و لایەنە سیاسییەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریایە.
ریاز سەیف، لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24 گوتی: "وەك ئیتیلافی نیشتیمانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە بەرنامەمان دایە سەردانی هەرێمی کوردستان و مەسعود بارزانی، بکەین و پێویست بوو ئێمە زووتر ئەم سەردانەمان ئەنجام دایە، دیداری بارزانی، بۆمن گرنگ و بایەخی خۆی هەیە، پێشتر لەگەڵ بەرێز بارزانی، دیدارم کردووە، پێمان وایە بارزانی دۆستی گەلی سووریا دۆستی هێزو لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریایە و هەموو کاتێک پشتگیری لە خەڵکی سووریا کردووە".
گوتیشی: "لە چوارچێوەی سەردانەکەشمان بۆ هەولێر، لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کۆدەبینەوە و چەند دۆسییەکی گرنگ هەن پێویستە لەگەڵ بەرێزیان باسی لێوە بکەین، لەوانە پەیوەندی داهاتووی نێوان کورد و عەرەب و چارەسەرکردنی کێشەکانی سووریا، رەوشی ئەمنی ناوچەکە، بەو پێیەی بارزانی، کەسایەتییەکی گرنگی ناوچەکەیە، هەڵویستی ئەو گرنگە".
ئا: كامەران حاجی عومەر