كچه كوردێكی كۆبانێ به‌م گرته ڤیدیۆییه ناوبانگێكی جیهانی په‌یدا كرد
گه‌شتی ترس و ئومێد.. له ره‌ققه و كۆبانێیوه به‌ره‌و نه‌مسا
K24 - هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی گاردیانی به‌ریتانی، كورته فیلمێكی دۆكیومێنتاری بڵاوكردووه‌ته‌وه، كه له‌لایه‌ن كچه كوردێكی كۆبانێوه تۆماركراوه، تێیدا ته‌واوی ژیانی راسته‌قیه‌ی خۆی تۆماركردووه، كه چۆن له كۆبانێوه به‌ره‌و ئه‌وروپا كۆچ ده‌كات.
كورته فیلمه‌كه، به‌ناوی "الفرار من سوریا.. اودیسة رانیا" 22 خووله‌كه و تا ئێستا زیاتر له 3 ملیۆن جار بنیراوه.
ئه‌و كچه ناوی رانیا مسته‌فا عه‌لی-یه، باس له ده‌ستپێكی تۆماركردنی گرته فیلمه‌كه ده‌كات و ئاماژه به‌وه ده‌كات، له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كی نه‌رویجی به‌ناوی ئه‌ندریاس هامه‌ر، رێككه‌وته‌وه كه رۆژنامه‌وانێكی فریلانس و تایبه‌تمه‌نده به به‌رهه‌مهێنانی به‌ڵگه فیلم له ناوچه‌كانی جه‌نگ.
.jpg)
له‌و كورته فیلمه‌دا، رانیا باس له‌وه ده‌كات، كه سه‌ره‌تا چۆن له ره‌ققه‌وه رایكردووه و چووه‌ته كۆبانێ، هه‌روه‌ها گاڵته به درووشمه‌كانی رێكخراوی داعش ده‌كات، له كورته فیلمه‌كه‌دا باسی ئه‌وه‌ش ده‌كات، كه ئێستا ته‌مه‌نی 20 ساڵه و ده‌یه‌وێت سووریا جێبهێڵێت.
هۆكاری جێهێشتنی كۆبانێش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه، كه یه‌كیتی ئه‌وروپا ده‌یه‌وێت گۆڕانكاری له یاساكانی په‌نابه‌رێتیدا بكات، بۆیه به‌ر له‌وه‌ی ئه‌وه رووبدات ده‌یه‌وێت خۆی بگه‌یه‌نێته ئه‌وروپا.
رانیا له‌ناو داروپه‌ردووی خانووه رووخاوه‌كاندا ده‌ست به گرتنی به‌ڵگه‌فیلمه‌كه‌ی ده‌كات، كه به‌هۆی شه‌ڕه‌وه وێران بوونه.
.jpg)
توركیا
كاتێك گه‌یشتووه‌ته توركیا، رانیا ئه‌وه نیشان ده‌دات، كه چۆن كه‌لوپه‌له‌كانی بۆ گه‌شته پڕ له شهكهتییهكه ئاماده‌كردووه و بڕیاریداوه چی له‌گه‌ڵ خۆی ببات، یه‌كێك له‌وانه‌ی كه دیاره و له‌گه‌ڵ خۆی ده‌یبات، زنجیره درامای "گه‌یم ئۆف ترۆنزه".
هه‌روه‌ها دیمه‌نێكی دیكه‌ش له‌سه‌ر سنووری نێوانی توركیا – سووریا، (باكوور و رۆژئاوای كوردستان) نیشان ده‌دات، كه توانیویه‌تی له رێگه‌ی قاچاخچییه‌كانه‌وه به‌رامبه‌ر به 300 دۆلاری ئه‌و سنووره ببڕێت.
رانیا و كچه هاوڕێكه‌ی له كامێرا ده‌رده‌كه‌ون و باس له سه‌ختی گه‌شته‌كه‌یان ده‌كه‌ن، ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كه‌ن، به‌شێكی زۆر له جلوبهرگهكانییان له رێگه فڕێداوه و نه‌یانتوانیوه هه‌ڵیبگرن، چونكه بارودۆخه‌كه سه‌خت بووه..
رانیا له توركیا ئه‌یمه‌نی هاوڕێی ده‌بینێت، كه له ره‌ققه‌ی سووریا یه‌كتریان ناسیوه، رانیا هه‌رچه‌نده شپرزه ده‌رده‌كه‌وێت و ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه جارێكی دیكه كه‌سوكاره‌كه‌ی نه‌بینێته‌وه، به‌ڵام پێیوایه هه‌رچییه‌ك بێت له‌و تاڵییانه ناخۆشتر نییه كه له ره‌ققه بینیویه‌تی.
.jpg)
یۆنان
رانیا له دوورگه‌ی لیسبۆسی یۆنان له‌گه‌ڵ ئه‌یمه‌نی هاوڕێی ده‌رده‌كه‌وێت و سه‌ختی گه‌شته‌كه‌یان روونده‌كه‌نه‌وه، باسی ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر كه‌شتییه‌كی فریاكه‌وتن ئه‌وانی رزگار نه‌كردبا، له‌وانه بوو له ده‌ریادا نقوم بن.
ئه‌وان ته‌نها 600 یۆرۆیان پێبووه، له‌كاتێكدا تكیتی پاسێكی بڕیوه بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه سه‌ر سنووری یۆنان – مه‌كدۆنیا، دواتریش بۆیان ده‌ركه‌وت، فێڵیان لێكراوه و تیكیتهكه ساخته بووه، له به‌رامبه‌ر مانه‌وه‌شیان هه‌ر شه‌وێك له هۆتێل، 50 دۆلار له‌سه‌ریان ده‌كه‌وێت.
.jpg)
سنووری یۆنان – مه‌كدۆنیا
دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌نگۆی دیپۆرتكردنه‌وه‌یان له یۆنانه‌وه بۆ توركیا، به پێ ناوچه‌كه‌یان جێهێشتووه و رووه و سنووری مه‌كدۆنیا رۆیشتوون، وه‌ك له كورته فیلمه‌كه‌ش ده‌رده‌كه‌وێت، رانیا و هاوڕێكه‌ی، له‌گه‌ڵ په‌نابه‌رانی دیكه، به ناو قوڕولیته‌دا رێده‌كه‌ن و به‌ره‌و سه‌ر سنوور ده‌چن.
هاوكات به گاڵته‌وه وه‌ڵامی یه‌كێك ده‌داته‌وه كاتێك له باره‌ی هۆكاری هاتنی رانیا و بڕینی ئه‌و ئاوه سارده‌ی لێده‌كات، بۆیه ده‌ڵێت: "هه‌ر بۆ خۆشی هاتووم".
.jpg)
كۆتایی دڵخۆشكه‌ر و گه‌یشتن بۆ نه‌مسا
به گوێره‌ی رۆژنامه‌ی گاردیان، ئه‌وان بێئومێدبوونه له‌وه‌ی بتوانن به رێگه‌ی وشكانی بولگارییه‌وه بگه‌نه باكووری ئه‌وروپا، بۆیه له مانگی ئایاری 2016، بڕی 7 هه‌زار یۆرۆیان قه‌رزكردووه، دواتریش دوو كارتی ناسنامه‌ی ساخته‌ی بولگارییان پێداون، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك گه‌شتیار له فڕۆكه سه‌ركه‌ون و له یۆنانه‌وه بچنه نه‌مسا، دوای ئه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتوو بوونه، توانیویانه خاڵه‌كانیش پشكنین ببڕن، دواتر له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه له فڕۆكه‌خانه‌ی ڤیه‌ننا ده‌ستگیركران و داواكاری مافی په‌نابه‌رێتیان پێشكه‌ش كرد.
رانیا بۆ هاف پۆستی عه‌ره‌بی ده‌ڵێت: "ئه‌و كوڕه گه‌نجه له كورته فیلمه‌كه ده‌ركه‌وت، هاوڕێیه‌كی نزیكمه‌وه له‌و گه‌شته سهختهمدا زۆر هاوكاری كردم".
هاوكات ره‌تیشی ده‌كاته‌وه خۆشه‌ویستی بێت، وه‌ك هه‌ندێك له‌وانه‌ی كۆمێنتی بۆ كورته فیلمه‌كه‌ی نووسیوه، ئێستا رانیا و ئه‌یمه‌ن، له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه هه‌ریه‌كێكیان ره‌وانه‌ی شارێك كراون له نه‌مسا.
رانیا ئاشكرای ده‌كات، ته‌نها دوای شه‌ش مانگ مافی په‌نابه‌رێتی پێدراوه و ده‌ستی به فێربوونی زمانی ئه‌ڵمانی كردووه، هاوكات هه‌وڵیداوه كارێكی شایسته‌ش بدۆزێته‌وه، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی نه‌یتوانیوه بگاته ئه‌و ئاسته گونجاوه‌ی زمان، سه‌ره‌ڕای هه‌وڵه به‌رده‌وامه‌كانی بۆ فێربوونی زمان.
رانیا له كاركردن له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌وانه نهمساوییهكهدا، بیرۆكه‌ی ئه‌وه‌ی له‌لا گه‌ڵاڵه بووه ده‌ست به خوێندنی رۆژنامه‌وانی بكات.
رانیا ئه‌وه‌شی نه‌شارده‌وه، كه بیری ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی ده‌كات، كه له دایك و باوك و 5 خوشكی پێكهاتووه، هه‌رچه‌نده سه‌ره‌تا باوكی له‌وه ترساوه به ته‌نها بینێرێته ئه‌و گه‌شته پڕ مه‌ترسییه، به‌ڵام دواتر هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش ناچاری كردووه به‌وه رازی بێت.
.jpg)
كاردانه‌وه‌كان
له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، خه‌ڵكێكی زۆر هاوسۆزییان بۆ رانیا ده‌ربڕیوه، به‌ڵام ره‌گه‌ز په‌رستان و ئه‌وانه‌ی دژی هاتنی په‌نابه‌رانن به كۆنێت ناڕهیهتییان له دژی هاتنی ئه‌وان بۆ ئه‌وروپا ده‌ربڕیوه.
هه‌رچی كاردانه‌وه‌ی ئه‌ندامانی خێزانهكهیاتی، رانیا ده‌ڵێت: "باوكی زۆر شانازیم پێوه ده‌كات و دڵخۆشه به كورته فیلمه‌كه‌م، به‌ڵام چه‌ندین نامه و په‌یامی خراپی بۆ هاتووه له‌لایه‌ن ئه‌و كه‌سه نزیكانه‌ی له كۆبانێ داده‌نیشن و ده‌یناسن".
وه‌ك له قسه‌كانی رانیادا ده‌خوێنرێته‌وه، هه‌ندێك له‌وانه‌ی ره‌خنه‌یان ئاراسته‌ی باوكی كردووه، هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه چۆن كچێك به ته‌نها بۆ ئه‌و گه‌شته ره‌وانه ده‌كرێت، هه‌ندێكیشیان له‌وه ناڕازین، چۆن ده‌بێت كچێك له‌گه‌ڵ كوڕێك گه‌شت بكات، له‌كاتێكدا كچه‌كه كورده و كوڕه‌كه‌ش عه‌ره‌ب.
رانیا خۆشحاڵی خۆی له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا ده‌رده‌بڕێت، زۆرێك له نامه‌ی پاڵپشتی هاندانی بۆ هاتووه، هاوكات به خۆشحاڵییه‌وه باس له‌وه ده‌كات، ئه‌كته‌ری ئیرلاندی، لیام كۆنینگهام، كه رۆڵی داڤۆس سیوۆرس له زنجیره دڵخوازه‌كه‌ی "گه‌یم ئۆف ترۆنز" ده‌بینێت و پاڵپشتی به‌رده‌وامی په‌نابه‌ران ده‌كات، كورته فیلمه‌كه‌ی رانیای له ئه‌كاونتی تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی توویته‌ر شه‌یر كردووه.