عێراق داوای یەك ملیۆن تۆن گەنم لە كەنەدا دەكات
عێراق بۆ بەشەخۆراكی مانگانه گەنم لە كەنەدا ھاوردە دەكات
K24 - ھەولێر
وەزارەتی بازرگانی عێراق ئاشكرای كرد، داوایان لە حكوومەتی كەندا كردووە، بڕی یەك ملیۆن تۆن دانەوێڵە بۆ بەشە خۆراكی مانگانەی ھاووڵاتیان دابین بكات.
وەزارەتی بازرگانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە، حكوومەتی عێراق لە رێگەی باڵیۆزخانەی كەنەدا لە بەغدا، داوای كردووە پەرە بە پەیوەندییە بازرگانییەكانی نێوانیان بدرێت و بۆ دابینكردنی بەشە خۆراكی مانگانەی ھاووڵاتیان، پێویستیان بە گەنمی كەنەدییە و داوای كڕینی بڕی یەك ملیۆن تۆن گەنمیان كردووە.
وەزارەتی بازرگانی عێراق ئاماژەی بەوەشكردووە، بە مەبەستی پتەوكردنی پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان كەنەدا و عێراق، لەماوەیەكی نزیكدا شاندێكی وەزارەتی بازرگانی سەردانی كەنەدا دەكات و گفتوگۆ لەگەڵ كۆمپانیا كەنەدەییەكان دەكات، لەبواری خۆراك و بونیاتنانەوە.