مایەپووچبوون هەڕەشە لە کێڵگە پەلەوەرییەکانی سنە دەکات

زیاتر لە 700 کێڵگەی بەخێوکردنی پەلەوەر لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی خراپی باری دارایی هاووڵاتیانەوە تووشی مەترسی داخستن بوونەتەوە، داخرانی کێڵگەکانیش هەڕەشەی بێکاربوون لە 14 هەزار هەلی کاری راستەوخۆ ناڕاستەوخۆ دەکات.

بەهۆی ئەو گرفتەی بەرۆکی کێڵگەکانی بەخێوکردنی پەلەوەری گرتووەتەوە، خاوەنی کێڵگەکان و بەرپرسانی خۆجێی شارۆچکەی قوروەی سنە، بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەری پەرەپێدانی بازرگانی بەڕێوەبەرایەتی کشتووکاڵی سنە کۆبوونەتەوە و گفتوگۆیان لەبارەی کۆسپەکانی بەردەم ئەم کەرتەی ئاسایشی خۆراک کردووە، لە پێناو پاراستنی توانای بەرهەمهێنان و رەخساندنی هەلی کاری زیاتر.

بەگوێرەی ئاژانسی ئێرنا، خاوەنی کێڵگەکان گلەوگازندەیان لەبارەی گرانی دانەوێڵە، دەرمان و پێداویستییەکانی دیکەی بەخێوکردنی پەلەوەر و بەردەوامیدان بە کاری کێڵگە پەلەوەرییەکان بە بەرپرسانی فەرمانگە پوەیدندارەکان گەیاندووە، ئاشکرایان کردووە، بەهۆی زۆری خستنەڕوو و بە پێچەوانەشەوە کەمی خواست، نرخی کیلۆیە گۆشی مریشک بەڕادەیەک بەرزبووەتەوە، کە ساخکردنەوەی پەلەوەرەکانیان بووەتە کارێکی مەحاڵ.

بەگوێرەی ئامارەکانی پۆرتاڵی کێڵگەکانی بەخێوکردنی پەلەوەر و ئاژەڵدارییەکانی ئێران، تەنیا لە چوار رۆژی رابردوودا نرخی یەک کیلۆ مریشکی زیندوو بە رێژەی 94% بەرزبووەتەوە، هەروەها بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو نرخی هەر کیلۆیەک مریشکی زیندوو بە رێژەی 182% زیادی کردووە، لە کاتێکدا مووچە و رۆژانەی کرێکار جیاوازییەکی ئەوتۆی نەبووە.

خاوەن کێڵگەکان رایانگەیاندووە، ئەگەر حکوومەت رێکارێکی گونجاو نەگرێتەبەر ناتوانن لە پیشەکەیان بەردەوام بن؛ ئەمە لە کاتێکدایە لە سەرتاسەری سنووری پارێزگای سنە 781 کێڵگەی بەخێوکردنی پەلەوەر هەن، توانای ساڵانەیان 16 ملیۆن پەلەوەرە، بەڵام بەهۆی خراپی بازاڕەوە تەنیا ئەمساڵ 46 کێڵگە داخراون و 735 کێڵگەیان لە بەخێوکردنی پەلەوەر بەردەوامن، سەرجەمیان 14 هەزار هەلی کاری راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان رەخساندووە.

بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی کشتووکاڵی سنە، پەلەوەرییەکانی سنووری پارێزگاکە رێژەی 3.2% خواستی ناوخۆ ئێران دابین دەکەن، لەنێویاندا کێڵگە پەلەروەرییەکانی شارۆچکەی قوروەش رێژەی 6%ـی پێویستی سنووری پارێزگای سنە فەراهەم دەکەن.

لەبارەی گرفتەکانەوە رەزا نادری، جێگری بەڕێوەبەری پەرەپێدانی بازرگانی لە کشتوکاڵی پارێزگای سنە بە ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بە خراپی باری دارایی و داهاتی خەڵکەوە داوە و رایگەیاندووە، بەرزبوونەوەی نرخی مریشک لە سەرتاسەری ئێران و بە تایبەتیش لە پارێزگای سنە، پەیوندی بە هۆکارگەلێکەوە هەیە، لەنێویاندا کەمبوونەوە خواستی هاووڵاتیان بەراورد بە رابردوو، هۆکارێکی دیکەش پەیوەندی بە نەبوونی پلانێکی گونجاوی کێڵگەکانی تروکاندن و بەرهەمهێنانی جووجەڵە هەیە، کە بووەتە هۆی تێکچوونی هاوسەنگیی نێوان خواست و خستنەڕوو لە قۆناخە جیاوازەکاندا.

هەروەها ئاماژەیداوە، بەردەوامی بەرهەمهێنان و پاراستنی توانای کێڵگە پەلەوەرییەکان گرنگییەکی تایبەتی هەیە و پێویستە سەرجەم زنجیرەکانی بەرهەمهێنان، سەربڕین و دابەشکردن بە هەماهەنگییەکی زیاترەوە کار بکەن، بۆ ئەوەی رێگری لە زیانگەیاندن بە بەرهەمهێنەران بکرێت.

گوتیشی "چاوەڕوان دەکرێت سەربڕخانەکان لەم دۆخە هاوکارییەکی تەواو لەگەڵ خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان بکەن، بۆ ئەوەی بەرهەمی پارێزگاکە لە کاتی گونجاودا وەربگیرێت و رێگری لە زۆربوونی خستنەڕوو و لەپڕ دابەزینی نرخی مریشک بکرێت."