هه‌سه‌ده نيوه‌ى ره‌ققه‌ى كۆنترۆڵكردووه
شه‌ڕى سه‌خت به‌رده‌وامه
K24 – هه‌ولێر:
هاوپه‌يمانێتى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش رايگه‌ياند، نيوه‌ى شارى ره‌ققه كۆنترۆڵكراوه.
گوته‌بێژى هاوپه‌يمانێتييه‌كه رايان ديلون له كۆنگره‌يه‌كى رۆژنامه‌وانيدا رايگه‌ياند، له سه‌دا 50ى شارى ره‌ققه له لايه‌ن هێزه‌كانى سوورياى ديموكراتى (هه‌سه‌ده)وه كۆنترۆڵكراوه.
گوتيشى: شه‌ڕى توند و سه‌خت له گه‌ڕه‌كه‌كانى ديكه‌ى شاره‌كه له نێوان هێزه‌كانى هه‌سه‌ده و چه‌كدارانى داعشدا به‌رده‌وامه.
روونيشيكرده‌وه، له چه‌ند رۆژى رابردوودا پێشڕه‌وييه‌كانى هه‌سه‌ده هێواشترن به هۆى ئه‌و به‌رگرييه تونده‌ى چه‌كدارانى داعش له گه‌ڕه‌كه‌كانى ژێر ده‌ستياندا ده‌يكه‌ن.
له سه‌ره‌تاى مانگى ته‌مموزى رابردوودا هاوپه‌يمانێتييه‌كه رايگه‌ياند، هه‌سه‌ده توانيويه‌تى هێڵى پێشه‌وه‌ى به‌رگرى داعش له شارى ره‌ققه تێكبشكێنێت.