دواجار لیڤەرپوول رازی بوو گفتوگۆ لەبارەی فرۆشتنی کۆتینهۆ بکات
K24- هەولێر
لیڤەرپوول دواجار وازی لە کەللە رەقییەکەی هێنا و ئامادەیی دەربڕی گفتوگۆ لەبارەی فرۆشتنی فیلیپ کۆتینهۆ بە بارسێلۆنا بکات.
رۆژنامەی سەندەی تایمزی بەریتانی ئاشکرایکردووە، لیڤەرپوول ئامادەیی دەربڕیوە کۆتینهۆ بفرۆشێت، ئەگەر بارسێلۆنا ئۆفەرێك بە بڕی 150 ملیۆن یۆرۆ پێشکەش بکات.
دوێنێ شەممەش وێنەکانی فیلیپ کۆتینهۆ لەسەر دیواری فرۆشگای فەرمی لیڤەرپوول هێنرایە خوارەوە و بەگوێرەی میدیاکانی بەریتانیا، کۆتینهۆ نزیکە لە پەیوەندیکردنی بە ریزەکانی بارسێلۆنای ئیسپانی.
گەرچی پێشتر یانەی لیڤەرپوول بە بەیاننامەیەک مانەوەی کۆتینهۆی لە یانەکەی دووپاتکردەوە، بەڵام سووربوونی کۆتینهۆ لەسەر پەیوەندیکردنی بە ریزەکانی بارسێلۆنا بەرپرسانی لیڤەرپوولی ناچارکردووە گوێ بۆ ئۆفەرەکانی بارسێلۆنا رابگرن.
دوێنێ دوای یارییەکەی لیڤەرپوول بەرامبەر واتفۆرد کە کۆتینهۆ بە پاساوی پێکانەوە بەشداریی نەکرد، یۆرگن کلۆپی بەڕێوەبەری هونەری یانەی لیڤەرپوول کە هەمیشە لە لێدوانەکانی مانەوەی کۆتینهۆ لە ئانفێلد دووپات دەکاتەوە، رایگەیاند دەبێت بەو بڕیارە رازیبم کە سەرۆکی یانەکە دەیدات، ئیتر ئاوایە یاریزان.
ئەم لێدوانانەنی کلۆپ وەکو ئاماژدەیەک بۆ رازیبوونی کلۆپ بە رۆیشتنی کۆتینهۆ لێکدەدرێتەوە و لەوانەیە دواجار بارسێلۆنا بتوانێت کۆتینهۆ بگوازێتەوە ریزەکانی یانەکەی.
سێشەممە دوایین وادەیە بۆ کۆتینهۆ، چونکە ئەگەر ئەو ناوەڕاستکارە بڕازیلییە بەشداریی یاریی هۆفینهایم بکات لە پاڵاوتنەکانی چامپیۆنزلیگ، ئەوا لەوانەیە گواستنەوەی بۆ بارسێلۆنا سەرنەگرێت.