رووسیا تێکشکاندنی 629 درۆنی ئۆکرانی راگەیاند
وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئاشکرای کرد کە سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی توانویانە لە ماوەی 12 کاتژمێردا 629 درۆنی ئۆکرانی لە ئاسمانی چەندین ناوچە و دەریای رەشدا تێکبشکێنن، هاوکات سەرۆکی شارەوانیی موسکۆش رایگەیاند کە هێرشێکی بەرفراوانی درۆنەکان بۆ سەر پایتەخت تێکشکێندراوە.
رۆژی هەینی، 18ی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە کاتژمێر 20:00ی شەوی رابردووەوە تاوەکو 08:00ی بەیانیی ئەمڕۆ بە کاتی موسکۆ، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی 629 درۆنی ئۆکرانییان لە ئاسمانی ناوچەکانی ئاستراخان، بێلگۆرۆد، بریانسک، ڤلادیمیر، کالوگا، کورسک، ئۆریۆل، رۆستۆف، ریازانی، سمۆلێنسک، تولا، هەروەها هەرێمی کراسنۆدار، موسکۆ، کۆمارەکانی ئەدیگیا و کریمیا، لەگەڵ ئاوی دەریای ئازۆف و دەریای رەشدا تێکشکاندووە.
لە لایەکی دیکەوە، سیرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانیی موسکۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ماکس" رایگەیاند، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی 15 درۆنی دیکەیان کە بەرەو موسکۆ دەفڕین تێکشکاندووە. ئاماژەی بەوەش دا کە لە شەوی رابردووەوە نزیکەی 350 درۆنی ئۆکرانی ئاڕاستەی پایتەخت کراون، کە 64یان لە کاتی نزیکبوونەوەیان لە موسکۆ خراونەتە خوارەوە و زۆربەی ئەوانی دیکە لە دوورەدەست تێکشکێندراون، تا ئێستاش تیمەکانی فریاگوزاری لە شوێنی کەوتنەخوارەوەی پارچەی درۆنەکاندا کار دەکەن.
هاوکات پارێزگاری ناوچەی رۆستۆفی رووسیا رایگەیاند، لە کاتژمێرەکانی شەوەوە زیاتر لە 50 درۆنی ئۆکرانی تێکشکێندراون و بەهۆی هێرشەکەوە زیان بەر بۆرییەکانی گاز و چەند باڵەخانەیەک کەوتووە.
لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی بەرگریی رووسیا کۆنترۆڵکردنی دوو گوندی نوێی لە ئۆکرانیا راگەیاند. بەپێی بەیاننامەی وەزارەتەکە، هێزەکانی گرووپی "رۆژهەڵات"ی رووسیا توانیویانە پێشڕەوی بکەن و گوندی رۆزۆڤکا لە ناوچەی زاپۆریژیا و گوندی مالایا ڤۆلچا لە ناوچەی خارکیڤ بە تەواوی بخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە.